کۆمپانیاکان ئۆفەری بازرگانییان بەسەر هاندەرەکەی سویسرا باراندووە

هاندەرێکی هەڵبژاردەی سویسرا بووەتە جێی تیڕامانی بینەرانی تۆپی پێ،کۆمپانیا گەورەکانی وڵاتەکەی چەندین ئۆفەریان پێشکەشکردووە.

لە ڕوبەڕوبوونەوەیەکی بەهێزی یورۆی 2020 لەنێوان هەڵبژاردەکانی فەرەنسا و سویسرا، سویسرییەکان توانیان لە کۆتا ساتەکاندا ئەنجامی (3-1) بۆ (3-3) پێچەوانەبکەنەوە، لە کۆتاییشدا بە لێدانی یەکلاکەرەوە سەرکەوتنیان بۆ قۆناغی چارەکی کۆتایی بەدەستهێنا.

لەم نێوەندەدا کامێرای یاریگای ئارینا ناسیونالا لە بوخاریستی پایتەختی ڕۆمانیا چەند جارێک سەرنجی خستە سەر هاندەرێک، لە دوو ساتی جیاوازدا دەرکەوت خەمبارە بە دۆڕاندنی هەڵبژاردەکەی و پاشان دووبارە دەرکەوتەوە کە خۆشحاڵە بە سەرکەوتنی سویسرا.

وێنە و ڤیدیۆکانی ئەم هاندەرە بە نێو میدیا و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا بڵاوبووەوە و ناوبانگی دەرکرد.

ئەو هاندەرە ناوی لوکا لوتینباخ-ە، هاوڵاتییەکی سویسرییە و کۆمپانیا گەورەکانی وڵاتەکەی چەندین ئۆفەریان پێشکەشکردووە.

سەرەتا کۆمپانیای فڕۆکەوانیی فەرمیی سویسرا، بلیتی یاری نێوان سویسرا و ئیسپانیای بێبەرامبەر پێشکەشکردووە، هەروەها کۆمپانیای ڕێدبول بەهەمان شێوە ئۆفەریان پێشکەشکردووە و هاندەرەکەش بە سەرجەم ئۆفەرەکان قایلبووە.

نوسینگەی گەشتیاریی فەرمیی سویسرا یەکێکی دیکەیە لەو کۆمپانیایانەی خزمەتگوزارییان پێشکەشی لوتینباخ کردووە، بەشێوەیەک کە لە گەشتەکانی هاوینە یاریدەی دەدەن بحەوێتەوە و (ڕیلاکس) بێت لەناو فڕۆکەدا، هیچکام لەم ئۆفەرانە هاندەرەکە دەوڵەمەند ناکەن، بەڵام خۆشترین پشووی هاوینەی پێدەبەخشن.

لەلایەکی دیکەوە، حکومەتی سویسرا بە هاوکاری نوسینگەی تەندروستیی فیدڕاڵی پەیوەندییان بە لوتینباخ-ەوە کردووە، داوایانکردووە بە دەرکەوتنی لە میدیاکانەوە بەشداری لە پرۆسەی ڤاکسینکردندا بکات، هاندەرەکە ئەم ئۆفەرەشی قبوڵکردووە.

بابەتی پێشتر

پێکهاتەی یاریزانە سەربەستەکان لە ڕامۆسەوە بۆ مێسی

بابەتی دواتر

تیروپشکی قۆناغە یەکلاکەرەوەکانی پاڵاوتنی ئاسیا بۆ مۆندیال ئەنجامدرا

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share