ڕێكخراوێكی بواری مافی مرۆڤ ڕایدەگەیەنێت، بەیانی ئەمڕۆ سزای لەسێدارەدانی هاوڵاتییەكی كورد لە بەندینخانەی مەهاباد جێبەجێكراوە كە بە دۆسیەی ماددەی هۆشبەر سزاكەی بەسەردا سەپێندرابوو.
ڕێكخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو ڕایگەیاند، سەرلەبەیانی ئەمڕۆ سزای سێدارەی (محەمەد تاهیر سولەیمانی) تەمەن 65 ساڵ و خەڵکی گوندی (دزەی مەرگەوەڕ) لە بەندیخانەی ناوەندیی مەهاباد جێبەجێکرا.
لەسەر زاری سەرچاوەیەكی ئاگاداریشەوە دەڵێت، محەمەد تاهیر پێشتر لەسەر بابەتی پەیوەندیدار بە ماددەی هۆشبەر (هەڵگرتنی 10 کیلۆ مۆڕفین) دەستبەسەر و لەلایەن دەزگای دادوەریی ئێرانەوە حوکمی سێدارەی بەسەردا سەپێندرابوو.
ڕێكخراوەكە ئاشكراشیدەكات، لە سەرەتای ئەمساڵی كوردییەوە تائێستا (100 ڕۆژ) سزای سێدارەی هەشت هاوڵاتیی کورد لە بەندیخانەکانی ئێران جێبەجێکراوە.