ژووری جلگۆڕینەکانی فەرەنسا گڕدەکاتەوە

دوای شکستیان بەرامبەر سویسرا و ماڵئاواییکردنیان لە یورۆی 2020، یاریزانانی هەڵبژاردەی فەرەنسا کێشە لە نێوانیاندا دروستبووە و لە دەرەوەی یاریگاش خێزانی هەمان ئەو یاریزانانە دەمەقاڵێ لەنێوانیاندا دروستبووە.

ڕۆژنامەی “لیکیپ”ی فەرەنسی ئاشکرایکردووە، لەدوای دۆڕاندنی هەڵبژاردەی فەرەنسا بەرامبەر سویسرا و کرانە دەرەوەیان لە یورۆی 2020، ڕافائێل ڤاران توڕەبووە و بە وتەی ناشرین هێرشی کردووەتە سەر بنیامین پاڤاردی بەرگریکار.

ڤاران سووربووە لەسەر ئەوەی بەهۆی هەڵەکانی پاڤاردەوە بەرامبەر سویسرا شکستیانهێناوە، لە بەرامبەردا پاڤارد بەتوندی وەڵامیداوەتەوە و وتوویەتی، “پۆگبا ڕوماڵی پێگەی من و پێگەکەی خۆی ناکات، بۆیە کەوتووەتە ناو چەندین هەڵەوە”.

ڤاران ئەم وتانەی بە پۆگبا ڕاگەیاندووە و بەو یاریزانەشدا تەقیوەتەوە، لە بەرامبەردا پۆگبا ڕایگەیاندووە، “ئەگەر پاڤارد جوامێری تێدابێت دەبێت ئەو وتانە بەڕووی خۆمدا بڵێت”.

لەم نێوەندەدا دیدیێ دیشامپ-ی ڕاهێنەر ناوبژیوانی یاریزانانی کردووە، سەرەڕای ئەوەی کۆتایی بە کێشەکە نەهێناوە، بەڵام توانیویەتی یاریزانەکان لە یەکدی دووربخاتەوە.

“لیکیپ” نوسیویەتی، کێشەکان تەنها لەناو ژووری جلگۆڕینەکاندا نەبووە، بەڵکو لە دەرەوەی یاریگاشدا دایکی ئەدریان ڕابیۆ، کە لەهەمان کاتدا لێپرسراوی کارەکانیەتی، بە خێزانی پۆل پۆگبا و کیلیان مباپێدا تەقیوەتەوە و لێیان توڕەبووە، پێیڕاگەیاندوون، دەبێت باشتر پەروەردەی کوڕەکانیان بکەن، ئەوەش بە دوو خێزانەکە قبوڵنەکراوە و دەمەقاڵێ لەنێوانیاندا دروستبووە.

بابەتی پێشتر

درامای یونایتد و سانچۆ کۆتاییهات و ڕاشفۆرد نهێنیەکەی ئاشکراکرد

بابەتی دواتر

لاپۆرتا پرۆسەی پاکتاوکردنی بۆندە شکستخواردووەکانی بارتۆمیوی دەستپێکرد

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share