سەرۆكایەتی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بڕیاریداوە ڕێوشوێن دژ بەو پەرلەمانتارانە بگرێتەبەر كە بەشداری كۆبوونەوەكان ناكەن، پەرلەمانتارێكیش دەڵێت، ڕێوشوێنەكە بڕینی موچەیە.
گاتع ڕوكابی، ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لە فراكسیۆنی دەوڵەتی یاسا ڕایگەیاند، لە كۆبوونەوەیەكی نێوان فراكسیۆنەكان و سەرۆكی پەرلەمان چەند پرسێك تاووتوێكران لەوانەش هاندانی پەرلەمانتاران بۆ بەشداری لە دانیشتنەكانی پەرلەمان، بەتایبەت كە هەندێك یاسای گرنگ هەن پێویست دەكات خوێندنەوەیان بۆ بكرێت و لەماوەی داهاتوودا بڕیاریان لەسەر بدرێت.
وتیشی، “سەرۆكایەتی پەرلەمان ڕێوشوێنی گرتووەتەبەر بەرامبەر پەرلەمانتارانی نائامادەبوو، لەوانەش ڕاگرتنی موچەی پەرلەمانتارەكە بۆ ماوەی یەك مانگ”.
پەرلەمانتارە ئاماژەی بەوەشكرد تاوتوێی بانگێشت و لێپرسینەوەی وەزیران كراوە، بڕیاریشدراوە هەفتانە ئەنجومەنی نوێنەران سێ بۆ چوار دانیشتن ئەنجامبدات.
لەماوەی ڕابردوودا چەند هەوڵێكی دەستەی سەرۆكایەتی ئەنجومەنی نوێنەران بۆ گرێدانی دانیشتنی ئەنجومەنەكە بەهۆی زۆری ئامادەنەبوونی پەرلەمانتارانەوە سەركەوتوو نەبوو.