گرژی دروستبووە.. هێزێكی ئاسایش لە چەمچەماڵ ڕێگری لە كاركردنی كۆمپانیایەكی غاز دەكات

قەزای چەمچەماڵ

لەلایەن هێزێكی ئاسایشەوە ڕێگری لە كاركردنی كۆمپانیایەكی تایبەت بە غازی سروشتی لە چەمچەماڵ دەكرێت، بەڕێوەبەری كۆمپانیاكە دەڵێت، ئیشەكەیانی ڕاگرتووە و قائیمقامی قەزاكەش دەڵێت، كۆمپانیاكە لەڕووی ئیداری و یاساییەوە هیچ كێشەیەكیان نییە.

سنور كەمال، بەڕێوەبەری ڕێگەپێدراوی كۆمپانیای (گۆڵدن جاگوار) بە تۆڕی میدیایی ئیستای وت، شوێنێكی كاركردنمان هەیە لە چەمچەماڵ كە تایبەتە بە عەمباری غازی سروشتی و سەرقاڵی دروستكردنی پڕۆژەیەكی نوێن، كە پێشتر بەشێكی تەواوبووە و بەشێكی دیكەیشی سەرگەرمی تەواوكردنین.

وتیشی، “بەڵام ئاسایشی ناوچەكە بەبێ بڕیاری دادگا و قائیمقامی چەمچەماڵ هاتووە ئیشەكەی ئێمەی ڕاگرتووە و، كرێن و ئۆتۆمبێل و كەلوپەلەكانمان دەباتە دەرەوە”.

بەڕێوەبەری كۆمپانیاكە دۆخەكەی بە گرفتی (كەسی) ناوبرد و ئاماژەی بەوەشكرد، ڕێگانادرێت كارمەند و كرێكارەكانیان بچنە دەرەوەی كۆمپانیا و، لایەنە فەرمییەكان و قائیمقامیەتیشیان لە كێشەكەیان ئاگاداركردووەتەوە.

كۆمپانیاكە چەندین ساڵە كاردەكات و ئەركی دابینكردنی غازی ماڵانی لەئەستۆدایە، وەك ئەوەی بەڕێوەبەرەكەی ئاماژەی پێدا.

لای خۆیەوە ڕمك ڕەمەزان، قائیمقامی قەزای چەمچەماڵ بە تۆڕی میدیایی ئێستای ڕاگەیاند، كۆمپانیاكە لەڕووی ئیداری و یاساییەوە، هەروەها لەڕووی كاركردنەوە هیچ كێشەیەكیان نییە.

وتیشی، “بەڵام بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی ڕۆژئاوا مەفرەزەی ناردووە بۆ داخستنی، گوایە هەندێك كێشەی ئەمنی هەیە”.

ڕمك ڕەمەزان ئەوەشی خستەڕوو، ئاسایش دەڵێت دۆسیەی كۆمپانیاكەیان لەلانییە، لەوەی پەیوەندی بە ئیدارە و ستاف و ئەو كرێكارانەوە هەیە كە لە كۆمپانیاكە كاردەكەن و مافی سروشتییە كە داوای بكەن.

دەربارەی بردنی كەلوپەلەكانی كۆمپانیاكەش قائیمقامی قەزای چەمچەماڵ بێئاگایی خۆی لەوبارەیەوە ڕاگەیاند.

بابەتی پێشتر

عێراق لەسەر بۆردومانەكەی ئەمریكا بۆسەر گروپێكی حەشد هاتەدەنگ

بابەتی دواتر

بلینكن: 10 هەزار چەكداری داعش بەدەستبەسەری لای هەسەدە ماونەتەوە

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share