سەید ئەلشوهەدا.. ئەو گروپەی بەمدواییە زۆرترین تۆمەتی ڕوبەڕوو دەكرێتەوە كێیە؟

تۆمەتبارە بە پاكتاوی تایفی و هێرشی سەر بەرژەوەندییەكانی ئەمریكا

بە هێرشەكەی بەرەبەیانی ئەمڕۆی هێزەكانی ئەمریكا بۆسەر مۆڵگەیەكی چەكدارانی كەتیبەكانی سەید ئەلشوهەدا، جارێكی دیكە ناوی گروپەكە هاتەوە ناو ناوان، ئەو گروپەی لەماوەی كەمی ڕابردوودا بە چەندین هێرشی جۆراوجۆر بۆسەر هەرێمی كوردستان و بەرژەوەندییەكانی ئەمریكا لە ناوچەكەدا تۆمەتباردەكرێت.

بەرەبەیانی ئەمڕۆ وەزارەتی بەرگریی ئەمریکا ڕایگەیاند، بە فەرمانی جۆ بایدن، سەرۆكی ئەمریكا هێرشێکی ئاسمانیی وردیان بۆسەر بارەگاکانی گروپە چەکدارەکانی سەر بە ئێران لە سنوورەکانی نێوان عێراق و سوریا ئەنجامداوە (شارۆچكەی ئەلبوكەمال-ی سوری، كە دەكەوێتە سەر سنووری عێراق).

ئاشکرایکرد، هێرشەکانیان ئەو گروپە چەکدارانەیان کردووەتە ئامانج، کە بەشدارییان کردووە لەو هێرشانەی بە فڕۆکەی بێفڕۆکەوان کراونەتە سەر بارەگا و نوێنەرایەتییەکانی ئەمریکا لە عێراق.

كەتیبەكانی سەید ئەلشوهەدا سێیەم دیارترین گروپی چەكداریی نێو هێزەكانی حەشدی شەعبییە، كە لەلایەن ئێرانەوە پشتیوانی دەكرێت، تۆمەتبارە بە تێوەگلان لە پاكتاوی تایفی لە هەریەك لە سوریا و عێراق، سەرەڕای ئەو هێرشانەی بەمدواییە كرایەسەر بنكە و بارەگای هێزە ئەمریكییەكان لە هەولێر و ئەنبار لەڕێی موشەك و فڕۆكەی بێفڕۆكەوانەوە.

گروپە چەكدارییەكە، كە ساڵی 2013 بە ئامانجی “بەرگری لە مەزارگە ئاینییەكانی سوریا” دامەزرا، لە چەند ناوچەیەكی سوریا بڵاوبووەتەوە، بەتایبەتیش لە ڕیفی دیمەشق و ئەلبوكەمال و نزیك تەنەف، لە عێراقیش لە هەریەك لە دەشتی نەینەوا لە موسڵ و هەروەها قائیم لە پارێزگای ئەنبار هەیە، سەرەڕای بەغداد.

ژمارەی چەكدارەكانی بە نزیكەی چوار هەزار چەكدار دادەنرێت، سەرۆكەكەی ئەبو ئالاء ئەلولائی-یە، كە یەكێك بوو لە داواكراوان لە سەردەمی ڕژێمی سەدام حسێن و ناوی ڕاستەقینەی هاشم بنیان-ە، پاش ڕووداوەكانی 2003 لە ئێرانەوە گەڕایەوە بۆ عێراق.

گروپە چەكدارییەكە تێوەگلاوە بە تاوانی پاكتاوی تایفیی بەرفراوان لە هەریەك لە عێراق و سوریا، لەدیارترینیان ناوچەی شێخ مسكێن-ە لە پارێزگای درعا لە ساڵی 2014دا، نەبك و غۆتەی ڕۆژهەڵات، لە عێراقیش لە هەریەك لە بەعاج لە ڕۆژئاوای موسڵ و زابتییە و جرف ئەلسەخر و بێجی، جگە لە تێوەگلانی لە چالاكیی بازرگانیی یاساغ لەسەر سنووری عێراق-سوریا، دیارترینیان دزەپێكردنی سوتەمەنی و كەلوپەلی كارەبایی و پارچە و كەلوپەلی ئۆتۆمبێل، هەروەك تۆمەتی شوێنپێكەوتن و كوشتنی چالاكوانانی مەدەنیی عێراقی.

لە سەرەتای ئازاری ڕابردووش حكومەتی هەرێمی كوردستان بە فەرمی تۆمەتی ئاراستەی (كەتیبەكانی سەید ئەلشوهەدا) كرد بە ئەنجامدانی ئەو هێرشە موشەكییەی هەریەك لە فڕۆكەخانەی هەولێر و بنكەی حەریری نزیك لە فڕۆكەخانەكەی كردە ئامانج، كە هێزەكانی ئەمریكای لێیە و بووە هۆی كوژران و برینداربوونی 11 كەس، سەرەڕای زیانە مادییە گەورەكەی.

بەڵام حكومەتی عێراق بە سەرۆكایەتی مستەفا كازمی هیچ ڕێوشوێنێكی نەگرتەبەر بەرامبەر ئەو لێكۆڵینەوانەی لەلایەن حكومەتی هەرێمەوە ڕادەستیكرا و دانپێدانانی یەكێك لە ئەندامانی گروپەكەی لەخۆدەگرت.

هێرشەكەی بەرەبەیانی ئەمڕۆ دووەم بەئامانجگرتنی گروپە چەكدارییەكەیە لەوەتەی جۆ بایدن ئیدارەی كۆشكی سپی گرتووەتە دەست، دوای ئەوەی لە كۆتایی شوباتی ڕابردووش هێرشێكی هاوشێوە بۆسەر مۆڵگەیەكی هاوبەشی چەكدارانی (كەتیبەكانی سەید ئەلشوهەدا) و (كەتیبەكانی حزبوڵا) لە شارۆچكەی ئەلبوكەمال ئەنجامدرا.

بەپێی سەرچاوە نزیكەكان لە گروپە چەكدارییەكە، هێرشەكەی ئەمڕۆ لەنێو خاكی سوریا بە قوڵایی نزیكەی هەشت كیلۆمەتر بووە، لە ناوچەیەكدا كە بە هری ناودەبرێت.

هەفتەی ڕابردوو سەرچاوە نزیكەكان لەو گروپانە و چالاكوانانی ناوچەكە ئاشكرایانكرد، كە جموجوڵێكی بەرچاوی چەكداران بەدیكراوە و بریتی بووە لە گۆڕینی شوێنەكانیان وەك ئەگەرێكی خۆپارێزی بەرامبەر هێرشەكانی ئەمریكا.

محەمەد تەمیمی، شارەزای كاروباری ئەمنیی عێراق وتی، “لێدانە نوێیەكەی ئەمریكا وەڵامدانەوە بووە بۆ ئەو بەئامانجگرتنە زۆر مەترسیدارەی ڕۆژی شەممە ڕوویدا و، كونسوڵخانەی ئەمریكای لە هەولێر لەڕێی فڕۆكەی بێفڕۆكەوانەوە كردە ئامانج”، شارەزاكە وادەڵێت، لەكاتێكدا هێرشەكە چەند بینایەكی نزیك لە بینای كونسوڵخانەی نوێی ئەمریكای كردە ئامانج، كە هێشتا تەواو نەبووە.

ئاماژەی بەوەشكرد، هەڵبژاردنی خاكی سوریا بۆ وەڵامدانەوەی گروپەكە لەبەرچاوگرتنی هەستیاریی دۆخی سیاسی عێراق بووە، بەتایبەت ئەوەی پەیوەندی بە حكومەتەوە هەیە.

سەید ئەلشوهەدا: لەگەڵ هێزەكانی ئەمریكا دەچینە جەنگێكی كراوەوە
كەتیبەكانی سەید ئەلشوهەدا ڕاگەیەندراوێكی لەبارەی هێرشكردنە سەر بارەگاكانی بڵاوكردەوە، ئاشكرایدەكات تەواوی هێزەكانی خستووەتە حاڵەتی ئامادەباشییەوە و بەڵێنی وەڵامدانەوەی ئەو هێرشە ئاسمانییەی ئەمریكاشی دا.

ڕاشیگەیاندووە، لەگەڵ “هێزەكانی ئەمریكای داگیركەر” دەچێتە جەنگێكی كراوەوە، لەپێش هەمووشیانەوە كردنە ئامانجی فڕۆكە دژبەرەكان لە ئاسمانی عێراقدا.

كەتیبەكانی سەید ئەلشوهەدا كوژرانی چوار ئەندامی هێزەكانیشی لە ئاكامی بۆردومانەكە ڕاگەیاند.

س: ئەلعەرەبی جدید

بابەتی پێشتر

هیندستان ئەگەری بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی نیپا ئاشکرا دەکات.. لە مەترسیدارترین ڤایرۆسەکانە

بابەتی دواتر

بەگومانی وەرگرتنی بەرتیل، پەرلەمان لیژنەی لەسەر ئەندامەكانی پێكهێنا

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share