هیندستان ئەگەری بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی نیپا ئاشکرا دەکات.. لە مەترسیدارترین ڤایرۆسەکانە

 توێژینەوەیەکی نوێی هیندی مەترسیی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی نیپای ئاشکراکرد، کە یەکێکە لە مەترسیدارترین ڤایرۆسەکانی سەرئاستی جیهان، ڕێژەی مردن بە نیپا نزیکەی 75%ە.

زانایانی پەیمانگای نیشتمانی بۆ زانستی ڤایرۆسەكان، بۆ یەکەمجار لەناو شەمشەمەکوێرەکانی ویلایەتی ماهاراچرای هیندستان، ڤایرۆسی نیپا-یان تۆمارکردووە، کە یەکێکە لە مەترسیدارترین و بکوژترین ڤایرۆسەکانی جیهان.

بەپێی توێژینەوەیەک، کە گۆڤاری “نەخۆسییە کوشندەکان و تەندروستیی گشتی” بڵاویکردووەتەوە، شارەزایان و زانایانی پزیشکی لە ئەنجومەنی هیندی بۆ توێژینەوە پزیشکییەکان (ICMR)، لە ئازاری ساڵی 2020دا ترشی ناوەکی (DNA)ی ڤایرۆسی نیپا-یان لە 80 شەمشەمەکوێرەی جۆرەکانی Rousettus leschenaultii وPipistrellus Pipistrellus لە ئەشکەوتەکانی ئەو ناوچەیە دۆزیوەتەوە.

دۆزینەوەی ئەو حاڵەتانەی نیپا لەو دوو جۆرەی شەمشەمەکوێرە لای زانایان مەترسیی دروستکردووە، چونکە شوێنی کۆبوونەوە و ژیانی ئەو شەمشەمەکوێرانە چەند ئەشکەوتێکی نزیک شوێنی نیشتەجێبوونی دانیشتووانە و ئەمەش ئەگەری بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسەکە زیاتر دەکات، کە مرۆڤ بەهۆی میوە و کەلوپەلی پیسبوو بە پیسایی و لیکی ئەو شەمشەمەکوێرانە تووشی ڤایرۆسەکە دەبێت.

ڕێکخراوی تەندروستیی جیهانی، ڤایرۆسی نیپا-ی لە ڕیزبەندیی ئەو ڤایرۆسانە داناوە، کە لە شەمشەمەکوێرەوە بۆ مرۆڤ دەگوێزرێنەوە، یەکێکە لە مەترسیدارترین ڤایرۆسەکانی جیهان و تائێستاش هیچ چارەسەر و ڤاکسینێک بۆ ئەو ڤایرۆسە نەدۆزراوەتەوە.

بەپێی ڕیزبەندیی ڕێکخراوی تەندروستیی جیهانی، نیپا یەکێکە لە 10 کوشندەترین ڤایرۆسەکانی سەر ئاستی جیهان، یەکێکە لە ڤایرۆسە کوشندەکان و ڕێژەی گیانلەدەستدان لەوانەی تووشی نیپا دەبن 40 بۆ 75%دایە.

بۆیەکەمجار یەکەم توشبووی ڤایرۆسی نیپا لە هیندستان، ساڵی 2001 تۆمارکرا، لەو بەروارەوە سێ جاری دیکە هیندستان حاڵەتی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسەکەی تۆمارکردووە، لە ساڵانی 2007، 2018 و 2019 بووە.

یەکەم حاڵەتی توشبووی ڤایرۆسی نیپا لەسەر ئاستی جیهان لە مالیزیا و سەنگاپور لەساڵی 1998 تۆمارکرا، ڤایرۆسەکە دەبێتە هۆی هەوکردنی خانەکانی مێشک و پوکانەوەیان.

بابەتی پێشتر

بۆری ئاوی ئیفرازی3 سەرچاوەی هاتنی دیارە، بەڵام نازانرێت بەکوێدا تێدەپەڕێت

بابەتی دواتر

سەید ئەلشوهەدا.. ئەو گروپەی بەمدواییە زۆرترین تۆمەتی ڕوبەڕوو دەكرێتەوە كێیە؟

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share