تەقاندنەوەی تاوەرەکانی کارەبا، خەریکە عێراق دەکوڵێنێت

ماوەی مانگێکە تەقاندنەوەی تاوەرەکانی کارەبا، لە سنووری پارێزگاکانی کەرکوک و سەڵاحەدین دەستیپێکردووە، حکومەتی عێراق ڕاستەوخۆ داعش تۆمەتبار دەکات و دەڵێت، “لە وەرزی هاویندا، کە خەڵکی زیاتر پێویستیان بە کارەبا هەیە، ئەم تاوانە بەرامبەر خەڵکی دەکرێت”.

چەکدارانی داعش هەفتەی ڕابردوو چەند تاوەرێکی کارەبایان لە دەوروبەری کەرکوک تەقاندەوە، کردەوە تیرۆرستییەکە کاری لەسەر پێدانی کارەبا بە هاوڵاتییان کرد، بێزاریی هاوڵاتییان لە نەبوونی کارەبا، داعشی والێکرد لەسەر تەقاندنەوەی تاوەرەکان بەردەوام بێت.

لە تازەترین ڕووداوی هاوشێوەدا، جارێکی دیکە لە نزیک شاری سامەرا خەتی گواستنەوەی کارەبای دیالە بۆ ڕۆژهەڵاتی بەغداد کرایە ئامانج، جارێکی دیکە نەبوونی کارەبا بێزاریی توندی خەڵکی لێکەوتەوە.

ئێران لە تەقاندنەوەی تاوەرەکان نیگەرانە

تەنها حکومەتی عێراق و خەڵکی نین تەقاندنەوەی تاوەرەکانی کارەبا نیگەرانی کردوون، بەڵکو ئێرانیش نیگەرانی هەمان پرسە، چونکە تەقاندنەوەی تاوەرەکان کاریگەریی لەسەر گەیشتنی کارەبای ئێران بە عێراق هەیە، ئەوەش ئەو مەترسیەیە کە ئێران زیاتر لە هەر لایەنێک لێی دەترسێت.

یەکێک لە هۆکارەکانی هێشتنەوەی هەژموونی ئێران لە عێراق دابینکردنی کارەبا و گازی سروشتییە بۆ عێراق، تا بتوانێت کارەبا دابین بکات، بە وتەی بەرپرسانی بازرگانیی ئەو وڵاتە، ئێران نزیکەی 40٪ی کارەبای عێراق دابیندەکات، ئەویش بە دوو ڕێگە، پێدانی ڕاستەوخۆی کارەبا و هەروەها دابینکردنی گازی سروشتی بۆ بەرهەمهێنانی کارەبا.

لەماوەی ڕابردوودا کێشەی خەرجکردنی پارەی کارەبا و گازی سروشتیی ئێران لەلایەن عێراقەوە کێشەیەکی بەرچاو بوو، ئێستا ئەگەر کارەباکەی ئێران نەگات، ئەوا کێشەکە دوو هێندە گەورەتر دەبێت، چونکە ڕەنگە حکومەتی عێراقی ئامادەنەبێت پارەی کارەبایەک بدات، کە نەگەیشتووە.

وضعیت کابل‌های برق در کربلا و سامرا (عکس)

کارەبا و هەڵبژاردن

لەگەڵ نزیکبوونەوەی بانگەشەکانی هەڵبژاردن، زۆرێک لە کەموکورتی و کێشەکان، دەبنە کەرەستەی یەکتر تۆمەتبارکردن بۆ ڕاکێشانی دەنگی خەڵکی، کەمبوونەوەی بڕی کارەبا لە عێراق ئێستا بووەتە كەرەستەیەكی خاوی بانگەشە و وەک موقتەدا سەدر ڕێبەری ڕەوتی سەدر دەڵێت، “هۆشداری دەدەین لەوەی کارەبا بۆ بانگەشەی هەڵبژاردن بەکاربهێنرێت، لە کاتێکدا گەندەڵی لە کەرتی پێدانی کارەبادا هاوڵاتییانی بێزار کردووە”.

سەدر دەڵێت، “بوونی هێڵی تایبەتی کارەبا وایکردوە خەڵکی ئاسایی پشتگوێ بخرێت و خراپ بەڕێوەبردنی ئەم دۆسیەیەش بەهۆی بوونی گەندەڵییەوە وایکردوە بێتوانایی عێراق لە دابینکردنی کارەبادا نیشانبدات و ناوبانگێکی خراپی هەبێت”.

بابەتی پێشتر

كەتیبەكانی سەید ئەلشوهەدا: لەگەڵ هێزەكانی ئەمریكا دەچینە جەنگێكی كراوەوە

بابەتی دواتر

کەنەدا لە پەسەندکردنی سزای بەندکراوانی بادینان نائومێدە

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share