حەشدی شەعبی هێزەكانی دەخاتە حاڵەتی ئامادەباشییەوە دژ بە هێزەكانی ئەمریكا لە عێراق، ئاشكراشیكرد، چوار ئەندامی هێزەكانی لە هێرشە ئاسمانییەكەی ئەمریكادا كوژراون.
كەتیبەكانی سەید ئەلشوهەدا ڕاگەیەندراوێكی لەبارەی هێرشكردنە سەر بارەگاكانی لە سنووری نێوان عێراق و سوریا بڵاوكردەوە، تەواوی هێزەكانی خستووەتە حاڵەتی ئامادەباشییەوە و بەڵێنی وەڵامدانەوەی ئەو هێرشە ئاسمانییەی ئەمریكای داوە، كە كرایە سەر بارەگاكانی.
ئەو گروپەی سەر بە حەشدی شەعبی ڕاشیگەیاندووە، لەگەڵ “هێزەكانی ئەمریكای داگیركەر” دەچێتە جەنگێكی كراوەوە، لەپێش هەمووشیانەوە كردنە ئامانجی فڕۆكە دژبەرەكان لە ئاسمانی عێراقدا.
كەتیبەكانی سەید ئەلشوهەدا كوژرانی چوار ئەندامی هێزەكانیشی ڕاگەیاند لەو بۆردوومانەی هێزەكانی ئەمریكادا.
بەرەبەیانی ئەمڕۆ، هێزی ئاسمانیی ئەمریکا بە فڕۆکەی جۆری F-15 و F-16 هێرشێکی ئاسمانی بۆسەر گروپە چەکدارە عێراقییەکانی سەر بە ئێران لە ناوچە سنوورییەکانی نێوان عێراق و سوریا ئەنجامدا.
جۆن کێربی وتەبێژی پێنتاگۆن ئاشکرایکردووە، هێرشەکانیان ئەو گروپە چەکدارانەیان کردووەتە ئامانج کە بەشدارییان کردووە لەو هێرشانەی بە فڕۆکەی بێفڕۆکەوان کراونەتە سەر بارەگا و نوێنەرایەتییەکانی ئەمریکا لە عێراق.