میترۆ لەباره‌ی سزادراوانی بادینانەوە داوایەك لە سەرۆكی هەرێم دەكات

سەنتەری میترۆ بۆ داكۆكیكردن لەمافی ڕۆژنامەنوسان، داوا لە سەرۆكی هەرێمی كوردستان دەكات، لێبوردن بۆ سزادراوانی بادینان دەربكات، چونكە لە ڕووی یاساییەوە هیچ قۆناغێكی ڕاستكردنەوەی بڕیاری دادگا نەماوە.

سه‌نته‌ری میترۆ بۆ داكۆكی له‌ مافی ڕۆژنامه‌نووسان له‌ ڕاگه‌یه‌ندراوێكدا ده‌ڵێت، “چاوەڕوانی ئەوە بووین، دادگای پێداچوونەوە ئاوڕێك لەو هەموو داخوازی و ناڕەزایەتییەی ڕێكخراوەكانی ناوخۆ، دەرەوە و خێزانی حوكمدراوەكان بدەنەوە، بڕیارەكەیان لە بەرژەوەندیی فراوانكردنی ئازادیی ڕادەربڕین بشكێتەوە، بەڵام بەداخەوە بڕیارەكە پێچەوانەی ویست و داخوازی ئێمە بوو وەك سەنتەری میترۆ و زۆرێك لە ڕێكخراوەكانی مافی مرۆڤ و چاودێرانی پرۆسەی دیموكراسی لە كوردستان”.

سەنتەری میترۆ باسیلەوەشكردووە، “وەك پێشتریش داخوازییەكمان خستبووە بەردەم سەرۆكی هەرێمی كوردستان، ئەگەر بڕیاری كۆتایی دادگای پێداچوونەوە هەمان بڕیاری دادگای تاوانەكانی هەولێر بێت، ئەوە دەسەڵاتەكانی خۆی بەكار بهێنێت و لێبوردنی تایبەتیان بۆ دەربكات”.

بۆیە سەنتەری میترۆ دووبارە داوا لە سەرۆكی هەرێمی كوردستان دەكات، داخوازیی ئەوان و ئەو ڕێكخراوانە و خێزانی سزادراوان، فەرامۆش نەكات و لێبوردنیان بۆ دەربكات، “چونكە لە ڕووی یاساییەوە قۆناغێكی ڕاستكردنەوەی بڕیاری دادگا نەماوە، تەنها بە دەركردنی بڕیاری لێبوردنی تایبەتی سەرۆكی هەرێمی كوردستان بڕیارەكە هەڵدەوەشێتەوە”.

بابەتی پێشتر

نهێنی کانتی.. دوو ناسناوی گەورە و خەڵاتێکی گەورەتر

بابەتی دواتر

سوپای پاسداران ڤاکسینی دروستکرد.. ئامادەین بیدەین بە ئەمریکا

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share