بودجە، پەرلەمانی كوردستان ناچار بە درێژكردنەوەی ئەم خولە دەكات

پەرلەمانی كوردستان

پەرلەمانی كوردستان تاوتوێی درێژكردنەوەی ئەم خولەی كاركردنی دەكات و بەرپرسی ڕاگەیاندنی پەرلەمانیش دەڵێت، بۆ بڕیاردانە لەسەر پرۆژەی بودجە لە ئەگەری گەیشتنی، سەرەڕای ئەو پرۆژەیاسایانەی خوێندنەوەیان بۆكراوە.

بڕیارە سبەی پەرلەمانی كوردستان دانیشتنی ئاسایی خۆی ئەنجامبدات و بڕگەی سێیەمی بەرنامەی كاری دانیشتنەكە تایبەت دەبێت بە درێژكردنەوەی تەمەنی ئەم خولە (خولی بەهارە)ی ساڵی سێیەم لە خولی پێنجەمی هەڵبژاردنی پەرلەمان.

سامان ئەحمەد، بەرپرسی ڕاگەیاندنی پەرلەمانی كوردستان بە تۆڕی میدیایی ئێستای ڕاگەیاند، درێژكردنەوەی خولەكانی پەرلەمان، كە پێشتریش ئەنجامدراوە، بۆ تاوتوێكردن و بڕیاردانە لەسەر پرسە گرنگ و پێویستەكان.

وتیشی، “درێژكردنەوەی خولی ڕابردوو بۆ بابەتی چاكسازی و پەسەندكردنی یاساكەی بوو، بۆ ئەم خولەش جگە لە چاوەڕوانكردنی پرۆژەیاسای بودجە، چەندین پرۆژەیاسا و پێشنیازەیاسا هەن، كە خوێندنەوەیان بۆكراوە بەمەبەستی تەواوكردنی هەنگاوەكانی دیكەیان”.

سامان ئەحمەد ئەوەشی ڕوونكردەوە، ژمارەیەك پرۆژەیاسا لەلایەن حكومەتی هەرێمەوە پێشكەشكراون، ژمارەیەك پێشنیازەیاسای دیكەی پەرلەمانیش هەن خوێندنەوەی یەكەم یان دووەمیان بۆكراوە، پێدەچێت لەم ماوەیەی درێژكردنەوەی تەمەنی پەرلەماندا بخرێنە دەنگدانەوە.

سەبارەت بە وادەی ناردنی پرۆژەیاسای بودجەی هەرێمی كوردستانیش بۆ ساڵی 2021، كە تائێستا لەبەردەم ئەنجومەنی وەزیراندایە، بەرپرسی ڕاگەیاندنی پەرلەمان ئاماژەی بەوەكرد، هیچ وادەیەكی فەرمی لەبارەی ناردنیەوە بە پەرلەمان نەدراوە.

ئەوەشی خستەڕوو، بەپێی پەیڕەوی ناوخۆی پەرلەمانی كوردستان، لەكاتێكدا ئەگەر پشووی یاسادانانیش بێت دەستەی سەرۆكایەتی دەتوانێت بانگێشتی گرێدانی دانیشتنی پەرلەمان بكات.

بابەتی پێشتر

ڤیدیۆ.. بزانە سەگێكی تینوو لە گۆیژەی سلێمانی چۆن ئاو دەستدەخات؟

بابەتی دواتر

بەرشلۆنە لە چوار، یەک بەرامبەر گایا پێشکەشی ڤالێنسیا دەکات

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share