په‌روه‌رده‌ی سلێمانی داوا له‌ مامۆستایان ده‌كات بچنه‌وه‌ ناوه‌نده‌كانی خوێندن

هۆڵێكی خوێندن

به‌ڕێوبه‌رانی هه‌ردوو په‌روه‌رده‌ی سلێمانی داوا له‌ مامۆستایان ده‌كه‌ن بچنه‌وه‌ ناوه‌نده‌كانی خوێندن و ده‌ڵێن، چارەنووسی خوێندن بەم شێوەیە لەبەرژەوەندیی قوتابی و خوێندکار نابێت.

له‌ ڕاگه‌یه‌ندراوێكی هاوبه‌شدا، عومه‌ر صاڵح و به‌كر محه‌مه‌د هه‌ردوو به‌ڕێوبه‌رانی په‌روه‌رده‌كانی ڕۆژهه‌ڵات و ڕۆژئاوای سلێمانی ڕایانگه‌یاندووه‌، “وەک ئاگادارن ماوەی چەند ڕۆژێکە دەوامی فەرمی خوێندنگەکان بەگوێرەی قۆناغەکان دەستیپێکردووە، بەڵام لە سنووری هەردوو پەروەردەی ڕۆژهەڵات و ڕۆژئاوای سلێمانی بەهۆی دواکەوتنی موچە و خراپی گوزەرانی مامۆستایان و فەرمانبەران دەوام بەپێی پێویست نەکراوەتەوە”.

ئاماژه‌شیان به‌وه‌ كردووه‌، “ئێمە وەک پەروەردەکاران و بەرپرسانی پەروەردەیی پێمانوایە کاتی ئەوە هاتووە بچینەوە ناوەندەکانی خوێندن و دەوام دەستپێبکەینەوە و بەگوێرەی فەرمانەوەزرییەکان کە پۆلەکانی 1و2ی بنەڕەتی و پۆلی 12ی ئامادەیی بەهەموو بەشەکانییەوە لەناو خوێندنگا دەوام دەکەن و پۆلەکانی تریش بەشێوازی خوێندنی ئەلیکترۆنی دەبێت”.

ئه‌وه‌ش خراوه‌ته‌ڕوو، “چارەنووسی خوێندن بەم شێوەیە لە بەرژەوەندیی قوتابی و خوێندکار نابێت، دەزانین هەریەکەمان چەند لە دواکەوتنی موچە و بێدادی نیگەرانین و لەگەڵ گشت مافەڕەواکانی مامۆستایانین هێندەیش نیگەرانی پرۆسەکەین بۆیە بەم ڕوونکردنەوەیە داواکارین لەسەرجەم بەڕێوەبەر و مامۆستایانی بەڕێز بچنەوە ناوەندەکانی خوێندن و دەوام دەست پێبکەنەوە”.

له‌ كۆتاییشدا ده‌ڵێن، “بۆ ئاگاداری بەڕێزتان ڕۆژەکانی دەوامی ساڵی خوێندن و وادەی تاقیکردنەوەکان و تەواوکردنی پرۆگرامەکانی خوێندن دیاریکراون و چیتر با(کات) بە هەدەر نەڕوات”.

بابەتی پێشتر

سلێمانی.. 10 كەس بە كۆرۆنا مردن و تەندروستیی دۆخەكە بە مەترسیدار ناوزەد دەكات

بابەتی دواتر

سودەکانى گێزەر

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share