لە هەولێر كاریكردووە.. ئەمریكییەك بەهۆی دزەپێكردنی زانیاری بۆ حزبوڵا زیندانی دەكرێت

مریەم تۆمسۆن لە دانیشتنێكی دادگادا

دادگایەكی ئەمریكا سزای 23 ساڵ زیندانی دەرهەق بە وەرگێڕێكی ئەمریكی دەركرد، كە كاری لەگەڵ پێنتاگۆن دەكرد و دانیبەوەداناوە زانیاری بۆ پیاوێكی پەیوەندیدار بە حزبوڵا-ی لوبنانی دزەپێكردووە، دەربارەی ناوی هەواڵدەرانی سوپای ئەمریكا لە عێراق، لەپاش كوژرانی قاسم سولەیمانی لە بۆردومانێكدا لە بەغداد.

وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكا لە بەیاننامەیەكدا ڕایگەیاند، مریەم تۆمسۆن (62 ساڵ)ی وەرگێڕ ڕێككەوتنێكی لەگەڵ داواكاری گشتی كردووە و بەپێی ناوەڕۆكەكەی دانیناوە بەوەی تۆمەتبارە بەو تۆمەتانەی ئاراستەی كراوە.

بەپێی بەیاننامەكە، تۆمسۆن دانیناوە بەوەی زانیاریی سەربازیی نهێنی داوەتە پیاوێكی لوبنانی، سەرەڕای ئەوەی زانیویەتی كە ئەویش لای خۆیەوە دەیگەیەنێتە (حزبوڵا)، كە ویلایەتە یەكگرتووەكان وەك “ڕێكخراوێكی تیرۆرستی” ناویدەبات.

بەپێی بەڵگەنامەكانی دادگا، تۆمسۆن وەك وەرگێڕی ڕاستەوخۆ لە بنكەی سەربازی دەرەوە كاریدەكرد، كاتێك لە ساڵی 2017 لەڕێی ڤیدیۆوە پەیوەندی لەگەڵ پیاوێكدا دروستكردووە، كە ئاشكرایكردووە پەیوەندی بە حزبوڵاوە هەیە، لەگەڵ تێپەڕبوونی كاتدا پەیوەندیی سۆزداری لەنێوانیاندا دروستبووە.

لە كانونی یەكەمی 2019، ئەو وەرگێڕە گوازراوەتەوە بۆ بنكەی هێزە تایبەتەكانی ئەمریكا لە هەولێر، ئەمەش ئەوكاتە بوو كە ویلایەتە یەكگرتووەكان هێرشی بۆ سەر گروپەكانی نزیك لە ئێران دەستپێكرد.

ئەو هێرشانە لە 3ی كانونی دووەم گەیشتنە ترۆپك، ئەوكاتەی فڕۆكەیەكی ئەمریكی قاسم سولەیمانی، فەرماندەی پێشووی فەیلەقی قودسی ئێرانی كردە ئامانج.

پاش كوشتنی سولەیمانیش، پیاوە لوبنانییەكە داوای لە هاوڕێ ئەمریكییەكەی كردووە ناوی ئەو هەواڵدەرانەی پێبدات، كە دەشێت هاوكاریی ئەمریكایان كردبێت لە كوشتنی سولەیمانی-دا، لای خۆیەوە تۆمسۆن چاوخشاندنەوەی بە ژمارەیەك دۆسیەی جیاجیا دەربارەی هەواڵدەرانی سوپای ئەمریكا لە عێراق كردووە و لانیكەم ناوی هەشت لەوانەی بە هاوڕێكەی داوە، سەرەڕای پێدانی زانیاری دەربارەی تەكتیكی ویلایەتە یەكگرتووەكان.

تۆمسۆن لەلایەن نوسینگەی لێكۆڵینەوەی فیدڕاڵی (ئێف بی ئای) لە 27ی شوباتی 2020 دەستگیركرا.

بابەتی پێشتر

شانەی ئەمنی: دوو "تیرۆرستی مەترسیدار" لە كەركوك دەستگیركران

بابەتی دواتر

عێراق گەڕاندنەوەی زۆرەملێی پەنابەران ڕەتدەکاتەوە

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share