دەستەی ڕاگەیاندن و پەیوەندییەكانی عێراق ڕایدەگەیەنێت، كۆمپانیای كۆڕەك تیلیكۆم پابەندی ڕێوشوێنەكان نەبووە و دەڵێت، هەندێك ڕێوشوێنی گرتووەتەبەر و هەڕەشەی گواستنەوەی هاوبەشانی كۆمپانیاكەش بۆ سەر كۆمپانیا ڕێگەپێدراوەكانی دیكە دەكات.
دەستەكە ئەمڕۆ چوارشەممە لە بەیاننامەیەكدا ڕایگەیاند، پێشتر چەند ڕێوشوێنێكیان بەرامبەر كۆمپانیای كۆڕەك تیلیكۆم بۆ پەیوەندییەكان گرتووەتەبەر و، سەرەڕای ئەو هۆشداری و ئاگاداركردنەوانەی ئاراستەی كراوە، كۆمپانیاكە پابەند نەبووە و هیچ هەنگاوێكی بۆ چارەسەری پرسە هەڵپەسێردراوەكان و پێشێلكارییەكان نەگرتووەتەبەر.
دەشڵێت، لە ڕوانگەی پارێزگاری لە مافی بەکاربەر و هاوبەشانی کۆمپانیاكە دەستەکەیان سوورە لەسەر ئەوەی ڕێوشوێنەكانیان دژ بە كۆڕەك بەجۆرێک بێت، هاوبەشانی بتوانن سود لە خزمەتگوزاری پەیوەندیکردن ببینن لەڕێی ڕێگەپێدراوەكانی دیكەوە (مەبەست لێی كۆمپانیاكانی ئاسیاسێل و زێن)ە.
دەستەی ڕاگەیاندن و پەیوەندییەكان لە كۆتایی بەیاننامەكەشیدا دوپاتیدەكاتەوە ڕێوشوێنەكانی دژ بە كۆمپانیای كۆڕەك تیلیكۆم لە چەند ڕۆژی داهاتوودا دەبێت و، هاوبەشانی كۆمپانیاكەش ئاگاداردەكاتەوە دەكەینەوە ئەو ڕێوشوێنانە “بۆ پابەندبوون بە یاسا و پاراستنی موڵكی گشتی و زامنكردنی مافی بەکاربەرە”.