نیویۆرک تایمز: ئەوانەی خاشقچی-یان کوشت لە ئەمریکا ڕاهێنانی سەربازییان پێکراوە

چوار لەوانەی بەشدارییان کردووە لە کوشتنی جەمال خاشقچی ڕۆژنامەنووسی سعودی لە ساڵی 2018دا، ساڵێک بەر لەو ڕووداوە ڕاهێنانی نیمچە سەربازییان لە ئەمریکا پێکراوە.

ڕۆژنامەی نیویۆرک تایمز بڵاویکردووەتەوە، ئەو چوار کەسە لەلایەن کۆمپانیایەکی ئەمنییەوە ڕاهێنانیان پێکراوە.

جەمال خاشقچی، کە ڕۆژنامەنووسێکی سعودی بوو، لە ڕۆژنامەی واشنتۆن پۆست ستونێکی تایبەتی دەنووسی، لە سەرەتای تشرینی یەکەمی 2018، لەناو باڵیۆزخانەی سعودیە لە ئیستانبوڵ کوژرا، تەرمەكەی پارچەپارچە كرابوو.

دواتر لەسەر ڕووداوەکە، لە سعودیە هەشت تۆمەتبار دەستگیرکران و بە زیندانیکردن بۆ ماوەی دوو ساڵ سزادران، بەڵام پارێزەرانی مافی مرۆڤ ڕەخنەیان لە سزاکە گرت، کە کەمترین سزای بۆ ئەو تاوانبارانە داناوە.

ئیدارەی جۆ بایدن دوای دەستبەکاربوونی، سیفەتی نهێنیبوونی لەسەر ڕاپۆرتێكی تایبەت بە کوشتنی خاشقچی لابرد، بەپێی ڕاپۆرتەکە محەمەد بن سەلمان شازادەی جێنشینی سعودیە ڕەزامەندیی لەسەر دەستگیركردن و کوشتنی خاشقچی داوە و ئاگاداری ڕووداوەکە بووە.

بەپێی ئەو راپۆرتە، سازادەی جێنشینی سعودیە بە بیانووی ئەوەی خاشقچی مەترسییە بۆ سەر شانشینی سعودیە، ڕەزامەندیی داوە لەسەر هەر ڕێکارێک دژی خاشقچی لەپێناو بێدەنگکردنیدا.

لە وەڵامدانەوەی ئەو ڕاپۆرتەدا، سعودیە ڕەتیکردەوە ئەو زانیارییانە هیچ بنەمایەکیان هەبێت و ڕایگەیاند “بەتەواوی ڕەتیدەکەینەوە”، سعودیە بێئاگایی خۆی لە کوشتنی خاشقچی دووپاتدەکاتەوە.

بابەتی پێشتر

(ڤیدیۆ) ئینگلتەرا و کرواتیا بلیتی قۆناغە یەکلاکەرەوەکانی یورۆیان بڕی

بابەتی دواتر

ئێران دووبارە نەیتوانی مانگی دەستكرد ڕەوانەی بۆشایی بكات

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share