ئەندامێكی پەرلەمانی كوردستان ڕایدەگەیەنێت، لەمیانی سەردانیكردنی ئەو لیژنەیەی پەرلەمان لەبارەی زیادەڕۆیی پێكیهێناوە، بۆیان دەركەوتووە لە سلێمانی پێشێلكاری و زیادەڕۆیی و داگیركاریی زۆر بۆسەر زەوی و موڵكی گشتی هەیە و پێویستی بە ڕێوشوێنی بەپەلە هەیە بۆ ڕێگریكردن لێی.
ئەبوبەكر هەڵەدنی، ئەندامی لیژنەی شارەوانی لە پەرلەمانی كوردستان بە تۆڕی میدیایی ئێستای ڕاگەیاند، “ئەو لیژنەیەی كە پەرلەمانی كوردستان بۆ ڵێكۆڵینەوە لە زیادەڕۆییەكانی سەر موڵكی گشتی پێكیهێناوە، سەردانی سلێمانیمان كردووە و پێشێلكاری و زیادەڕۆیی و داگیركاریی زۆرمان بۆسەر موڵكی گشتی بەدیكردووە”.
وتیشی، “لەمیانی بەدواداچوونەكانمان دەركەوتووە، هاوڵاتییان زۆر زەرەرمەند بوون لە یەكەكانی نیشتەجێبوون و كەلێن و كەموكوڕیی زۆریان تێدایە”.
هەڵەدنی باسیلەوەشكرد، لە دوو هەفتەی داهاتوو سەردانی هەولێر و دهۆكیش دەكەن و ئەوكات ڕاپۆرتی خۆیان پێشكەش بە سەرۆكایەتیی پەرلەمان دەكەن.
جەختی لەوەشكردەوە، “ئەو كەسانەی زیادەڕۆی و داگیركارییان كردووە بۆسەر موڵكی گشتی، كەسانی دەستڕۆیشتوون و هاوڵاتیی ئاسایی ناتوانێت ئەو كارانە بكات”.
ئەو ئەندامەی لیژنەكەی پەرلەمانی كوردستان، كە بۆ زیادەڕۆیی بۆسەر موڵكی گشتی پێكیهێناوە، پێیوایە، “ئەو داگیركارییانە پێویستی بە ڕێكاری بەپەلە هەیە، چ بە هەمواركردنەوەی یاسای وەبەرهێنان بێت، كە بووەتە سەرچاوەی گەندەڵی، یان هەمواركردنی یاساكانی دیكە”.