سەدر: پێویستە پێشمەرگە و حەشد ڕێز لە سەروەری و شكۆی دەوڵەت بگرن

ڕێبەری ڕەوتی سەدر، پەیامێكی بڵاوكردەوە و ڕایدەگەیەنێت، پێشمەرگە و حەشدی شەعبی لە چوارچێوەی هێزەئەمنییەكانی عێراقدان و پێویستە ڕێز لە سەروەری و شكۆی دەوڵەت بگرن و دەبێت تێڕوانینەكانیان نیشتمانیانە بێت.

موقتەدا سەدر، ڕێبەری ڕەوتی سەدر پەیامێكی سێ لاپەڕەیی بڵاوكردەوە و باسی چەند پرسێك دەكات لەوانەش سەرۆك كۆماری نوێی ئێران و پەیوەندیی نێوان ئێران و سعودییە و پەیامێكیش ئاڕاستەی پێشمەرگە و حەشدی شەعبی دەكات.

سەدر لەپەیامەكەیدا ئاماژەی بەوەكردووە، “عێراق خاوەنی چەند تایبەتمەندییەكی جیاوازە لە چاو وڵاتانی ناوچەكە، هەروەها دوو تایبەتمەندی عەرەبی بوون و شیعەبوونی تێدایە، بەڵام مانای ئەوەنییە کە سوننە و کورد بوونیان نەبێت، بەڵكو ڕێزی زۆرمان هەیە بۆیان.”

باسیلەوەشكردوو، “عێراق دوو سیمای گرنگی تێیدا کۆبووەتەوە، کە بریتین لە سیمای نەتەوایەتی عەرەب لەلای خۆرئاوا و باشوورەوە و شیعە لەلای خۆرهەڵاتەوە، بۆیە لە ئێستادا دووچاری ململانێی عەرەبی سوننی و شیعە بووەتەوە کە هەردووکیان مایەی شانازین بۆ ئێمە”.

سەدر لەپەیامەكەیدا ڕاشیگەیاندووە،” داوا دەکەین عێراق دووربخرێتەوە لەو ململانێیەی کە لەنێوان ئێران و سعودییەدا هەیە، دەبێت پەیوەندی عێراق لەگەڵ ئەو دوو وڵاتە و وڵاتانی دراوسێی لەسەر بنەمای ڕێزگرتنی دراوسێتی و دەستوەرنەدان بێت لە کاروباری ناوخۆ”.

ئەوەشیخستووەتەڕوو،”ئێمە دەتوانین ببین بە پردی پەیوەندی لەنێوان ئەو دوو بەرەیەدا، نزیکبوونەوەی ئەو دوو وڵاتەش لەیەکەوە لەبەرژەوندی عێراق و ناوچەکەدایە”.

جەختی لەوەشكردووەتەوە، “رٍێز لە رٍەگ و ریشەی عەرەبی بوونمان و مەزهەبەکەشمان دەگرین و داواش دەکەین هەردوولا دراوسێیەتی باشمان لەگەڵدا بکەن، چونکە نامانەوێت خۆمان بۆ لایەنێک ساغ بکەینەوە لەسەر حسابی لایەنێکی دیکە.”

سەدر ئەوەشی خستووەتەڕوو، “ئێمەی عێراقی بەهەموو بیروباوەڕو و بیكردنەوەكانمانەوە و بەتایبەتیش برایانی پێشمەرگە و حەشدی شەعبی كە لە چوارچێوەی هێزەئەمنییەکانی عێراقدان، دەبێت تێڕوانینەكانیان نیشتیمانیانە بێت و ڕێز لە سەروەری و شکۆی دەوڵەت بگرن.”

لەبارەی سەرۆككۆماری نوێی ئێرانیشەوە ڕێبەری ڕەوتی سەدر دەڵێت، “گەیشتنی ڕەئیسی بە دەسەڵات نابێت ببێتە هۆکاری ئەوەی توندڕەوی باڵ بەسەر ناوچەکەدا بکێشێت و ئاڵۆزییەکان زیاتر بکات”.

موقتەدا سەدر داواشی لە ئەمەریکا کردووە، تائەو کاتەی لەعێراق پاشەکشە دەکات ڕێز لە ئیرادەی عێراقییەکان بگرێت و دەست وەرنەداتە هەڵبژاردنەکانی داهاتوو.

بابەتی پێشتر

ئەبوبەكر هەڵەدنی: لە سلێمانی زیادەڕۆیی و داگیركارییەكی زۆر بۆسەر موڵكی گشتی كراوە

بابەتی دواتر

هێزێكی سەر بە یەكەی 70 دەخرێتەسەر وەزارەتی پێشمەرگە

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share