لە هەولێر و سلێمانی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی ئێران بەڕێوەدەچێت

ئەمڕۆ 18 ی حوزەیران، لەگەڵ بەڕێوەچوونی 13 هەمین دەورەی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی ئێران، لە هەولێر و سلێمانی لە کونسوڵگەرییەکانی ئێران کەسانی ئێرانی دەنگدەدەن.

لە بەیانی ئەمڕۆوە لەناو کونسوڵخانەی ئێران لە هەولێر و کونسوڵگەری ئێران لە سلێمانی سندوقەکانی دەنگدان دانراون و کەسانی ئێرانی دانیشتووی هەرێم دەتوانن دەنگ بە یەکێک لە کاندیدەکانی سەرۆکایەتی ئێران بدەن.

لەگەڵ دەستپێکردنی دەنگدان لە هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتی و ئەنجومەنی شار و لادێ، خەڵک و بەشێک لە سیاسییە بەرچاوەکانی ئێران چونەسەر سندوقەکانی دەنگدان.

لە کاتژمێر پێنج  و نیوی بەیانییەوە هەڵبژاردنی 13 هەمین دەورەی سەرۆکایەتی کۆماری ئیسلامی ئێران دەستیپێکردووە و لەگەڵ ئەوەش دەنگدەران ئەنجومەنی شار و لادێکانیش هەڵدەبژێرن.

عەلی خامنەیی ڕابەری شۆڕشی ئیسلامی ئێران کاتژمێر 7ی بەیانی دەنگیدا و بەشێک لە بەرپرسانی تری ئێران وەک هاندانێک بۆ خەڵکی لە کاتژمێرەکانی سەرەتای دەنگدانەوە بەشداری هەڵبژاردنیان کرد.

لە هەڵبژاردنەکانی ئەمجارەی ئێراندا جگەلە دەنگدەرانی دەرەوەی ئێران 59 ملیۆن و 310 هەزار کەس مافی دەنگدانیان هەیە و دەتوانن ڕوبکەنە سندوقەکانی دەنگدان، بەڵام وەک پێشبینی دەکرێت ڕەنگە ڕێژەی بەشداریکردن نزمبێت.

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share