کەسانی مەدەنی لە ناو شەڕی قەرەباغدا باسی دۆخی ژیانیان دەکەن

باوک و مندالێک لە قەرەباغ، لە نزیک ماڵە ڕوخاوەکەیان

لە کاتێکدا ڕوسیا هەموو هەوڵێکی خۆی خستووەتەگەر بۆ کرداریکردنی ئاگربەست لە قەرەباغ، بەڵام وەک دەردەکەوێت شەڕ لە هەرێمەکە بەردەوامە و ئەرمینیا و ئازەربایجانیش یەکدی بە هێرشەکان تۆمەتبار دەکەن.

ئازەربایجان دەڵێت، چەندین سەکۆی موشەکیی ئەرمینیایان بۆردوومان کردووە کە لەوێوە “ناوچەی نیشتەجێبوونی خەڵک” کراوەتە ئامانج، ئازەربایجان بەم هۆکارە شەڕی نەوەستاندووە.

ڕۆژنامەنوسێکی کەناڵی بی بی سی بەریتانی سەردانی هەردوو وڵاتی کردووە و چیرۆکەکانی کەسانی مەدەنی لەو دوو وڵاتە تۆمارکردووە.

ژنێکی ئازەربایجانی بەناوی نوشابە واحید، کە تەمەنی لە نزیک 50 ساڵدایە چیرۆکی خۆی بۆ ڕۆژنامەنوسەکە گێڕاوەتەوە و دەڵێت، “ئەگەرچی دەیان کیلۆمەتر ئێمە لە بەرەی شەڕەوە دوورین، بەڵام لە چەندین کاتی جیا جیادا موشەک بەر شارەکەمان کەوتووە، دەبینی من بە جلی ماڵەوە و بە نەعلەوە ڕامکردووە”.

نوشابە وتوویەتی، “من بەشێک لە ماڵەکەم ڕوخاوە، تەنها بەشێکی ماوە و ئەویش نەوەکانم تێیدا دەمێننەوە و دەخەون، ئەم جەنگە چۆن ئێمە بینیمان و تێیدا ژیان، ئەوەتا لەناو ژیانی نەوەکانیشمدا هەیە و کێ دەزانێت جەنگ تا ژیانی نەوەی نەوەکانیشم درێژە ناکێشێت؟”.

ئەو ژنە ئازەربایجانییە وتوشیەتی، “ئێمە هیچمان لە ئەرمەنییەکان ناوێت، تەنها سنوری وڵاتی ئێمە چۆڵبکەن ئیتر شەڕ قەت دروستنابێت”.

لە فکری کۆی ئازەربایجانییەکاندا قەرەباغ بەشێکە لەو وڵاتەکەی ئەوان و بەشی نیمچە ونبووی نیشتمانەکەیانە، هەڵبەت ئەم بۆچوونە لەلایەن وڵاتانی جیهانیشەوە بە فەرمی دانی پێدانراوە.

ئیختیار رەسوڵۆڤ، یەکێکی دیکەیە لەو ئازەرییە مەدەنیانەی کە تەمەنی تەنها 22ساڵە و دەڵێت، “من ئامادەم تا کۆتایی ژیانم لە پێناو ئازەربایجاندا بجەنگم، جەنگ منی پێویست بێت ئامادەم”.

ناوچەی نیشتەجێبوونی ئیختیار لە شەڕی 1990دا کەوتووەتە دەست سوپای ئەرمینیا، بۆیە ڕەق بەرامبەر ئەرمینیا لە خوێن و ئێسقانیدا چەسپیووە و ناتوانێت وازی لێبهێنێت.

ئاشوت ئەرمەنییە و دانیشتووی نزیک ناوچەی شەڕە، ئەو بۆ کەناڵی بی بی سی وتویەتی، “من بڕوا ناکەم ئەم کێشەیە لە نێوان ئەم دوو وڵاتەدا چارەسەر بکرێت، ئەوە بەشێک لە ژیانمان لەناو ئەم ململانێیەدا ڕۆشت”.

وتوشیەتی، “جەنگ کات نازانێت هەر کاتێک موشەکێک لە نزیکی ئێمە بکەوێتە خوارەوە دەبێت هەڵسین بچنە ژێر زەمینەوە، ژیان تا کەی بەم شێوەیە بەردەوام دەبێت؟”.

ئاشوت دەڵێت، “لەگەڵ بەردەوامی شەڕەکاندا خەڵکێک هەیە سورتر دەبێت لەسەر دوژمنایەتی، خەڵکێک هەیە بیر لە جێهێشتن دەکاتەوە، بەڵام هەرچی بێت شەڕ بەردەوامە و ماڵوێرانی خەڵکی بەچاو دەبینرێت”.

لەماوەی 30 ساڵی ڕابردوودا بەردەوام شەڕ و چاوسورکردنەوە لە نێوان ئەرمینیا و ئازەربایجان بەردەوام بووە و ئێستاش هەر وڵاتێکیان چەندین بەهانە و هۆکاری هەیە کە شەڕ بەردەوامیی پێبدات.

بابەتی پێشتر

خێزانێکی كورد بە پاسپۆرتی دیپلۆماسیی ساختە دەچنە ئەڵمانیا

بابەتی دواتر

بافڵ تاڵەبانی: ھاوکار و پشتیوانی سەرخستنی پرۆسەی چاکسازیی ڕیشەیین

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share