مامۆستایانی ناڕازی ئامادەنین بەدەم داواكاریی پەروەردەكانی سلێمانی-یەوە بچن

پاش ئەوەی پەروەردەی سلێمانی داواکارییەکی ئاڕاستەی مامۆستایانی پارێزگای سلێمانی کرد بۆ چوونەوە بۆ نێو هۆڵەكانی خوێندن، ئەنجومەنی مامۆستایانی ناڕازی ڕەتیدەکەنەوە بە دەم داواكارییەكەوە بچن.

لە لێدوانێکدا بۆ تۆڕی میدیایی ئێستا، مامۆستا عادل حەسەن، ئەندامی ئەنجومەنی مامۆستایانی ناڕازی ئەمڕۆ یەكشەممە 18ی تشرینی یەكەم وتی، “هیچ بڕیارێک یان داواکارییەکی پەروەردە بۆ چوونەوە هۆڵەکانی خوێندن جێبەجێ ناکەین تاوەکو کاتێک داواکارییەکانمان جێبەجێ نەکرێت، ئێمە وەک مامۆستایانی ناڕازی و یەکێتیی مامۆستایانیش بڕیاری بایکۆتمان داوە و نایشکێنین”.

ئەو ئەندامەی ئەنجومەنی مامۆستایانی ناڕازی ئاماژەی بەوەشكرد، “حکومەت دەبێت موچە سی ڕۆژ جارێک دابەشبکات، دەبێت پلەبەرزکردنەوە کە ڕاگیراوە بگەڕێنرێتەوە و لێبڕینی موچە لاببرێت و موچەی پێنج مانگی ئەمساڵیش بگەڕێنرێتەوە بۆ موچەخۆر، ئەگەر ئەم داواکارییانە جێبەجێ کران ئێمەش دەگەڕێینەوە هۆڵەکانی خوێندن”.

عادل حەسەن ڕاشیگەیاند، “سەرۆکی حکومەت باس لەوەدەکات کە لە کابینەی پێشوودا موچە فەوتاوە و ئەوان ناچارنین ئەو موچەیە بدەنەوە، لەکاتێکدا کابینەی پێشوو خۆ بەدەست حکومەتی بەعسەوە نەبووە، سەرۆکی کابینەی پێشوو ئێستا سەرۆکی هەرێمە و لە هەمان حزبی سەرۆکی حکومەتی ئێستایە و جێگری سەرۆکی حزبەکەیە، بۆچی ئەمان بەرپرس نین لە دانەوەی ئەو موچانە”.

سەبارەت بە چارەنوسی خوێندنی ئەمساڵ ئەگەر بایکۆت بەردەوام بێت، ئەندامەکەی ئەنجومەنی مامۆستایانی ناڕازی باسیلەوەكرد، “ئەو بایکۆتەی لە سلێمانی هەیە بە هەمان شێوە بایکۆتی شاراوە لە هەولێریش هەیە، ئەوان تەنها دەرگای خوێندنگەکانیان کردووەتەوە و مامۆستایان تەنها کات بەڕێدەکەن، چونکە مامۆستا گیرفانی بەتاڵە ڕەزامەندیی پیشەیی نییە، مامۆستا ناتوانێت وانە بڵێتەوە لە دۆخێکی لەوشێوەیەدا”.

“لە ساڵی 2016دا کە بایکۆتی گەورە لە سلێمانی کراوە ڕێژەی دەرچوون لە سلێمانی زۆر بەرزتربوو بەراورد بە هەولێر، لەسەر ئاستی باشی خوێندنگەکانیش ئەو نمرانەی لە خوێندگەکانی سلێمانیدا بەدەستهاتوون لە هیچ خوێندگەیەکی ئەهلی و حکومیی هەولێردا بەدەستنەهاتووە، بۆیە ئەوان تەنها ساڵ بەڕێدەکەن، حکومەتیش خوێندن و زانستی ناوێت تەنها دەیەوێت دەرگای خوێندنگەکان بکرێتەوە ئیتر وانەش نەوترێتەوە گرفت بۆ ئەوان دروستنابێت”، وەك عادل حەسەن وتی.

ساڵی خوێندنی 2020-2021 بەهۆی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا لە 27ی ئەیلول بۆ قۆناغی 12ی ئامادەیی دەستیپێکرد و لە بەرواری 10ی تشرینی یەکەمیش بە یەکەم ڕۆژی دەستپێکردنەوەی خوێندن بۆ قۆناغەکانی یەک و دووی بنەڕەتی دیاریکرا، بەڵام مامۆستایانی سنووری پارێزگای سلێمانی و هەڵەبجە، بەهۆی دواکەوتنی موچەکانیان بایکۆتی دەوامیان ڕاگەیاند.

دوێنێ شەممە 17ی تشرینی یەكەم، له‌ ڕاگه‌یه‌ندراوێكی هاوبه‌شدا، عومه‌ر صاڵح و به‌كر محه‌مه‌د هه‌ردوو به‌ڕێوبه‌رانی په‌روه‌رده‌كانی ڕۆژهه‌ڵات و ڕۆژئاوای سلێمانی ڕایانگه‌یاند، “وەک ئاگادارن ماوەی چەند ڕۆژێکە دەوامی فەرمی خوێندنگەکان بەگوێرەی قۆناغەکان دەستیپێکردووە، بەڵام لە سنووری هەردوو پەروەردەی ڕۆژهەڵات و ڕۆژئاوای سلێمانی بەهۆی دواکەوتنی موچە و خراپی گوزەرانی مامۆستایان و فەرمانبەران دەوام بەپێی پێویست نەکراوەتەوە”.

بەڕێوبەرانی هەردوو پەروەردەكە ئاماژەیان به‌وەشكردووه‌، “ئێمە وەک پەروەردەکاران و بەرپرسانی پەروەردەیی پێمانوایە کاتی ئەوە هاتووە بچینەوە ناوەندەکانی خوێندن و دەوام دەستپێبکەینەوە و بەگوێرەی فەرمانەوەزرییەکان کە پۆلەکانی 1و2ی بنەڕەتی و پۆلی 12ی ئامادەیی بەهەموو بەشەکانییەوە لەناو خوێندنگا دەوام دەکەن و پۆلەکانی تریش بەشێوازی خوێندنی ئەلیکترۆنی دەبێت”.

ئه‌وه‌شیان خستەڕوو، “چارەنووسی خوێندن بەم شێوەیە لە بەرژەوەندیی قوتابی و خوێندکار نابێت، دەزانین هەریەکەمان چەند لە دواکەوتنی موچە و بێدادی نیگەرانین و لەگەڵ گشت مافەڕەواکانی مامۆستایانین هێندەیش نیگەرانی پرۆسەکەین بۆیە بەم ڕوونکردنەوەیە داواکارین لەسەرجەم بەڕێوەبەر و مامۆستایانی بەڕێز بچنەوە ناوەندەکانی خوێندن و دەوام دەست پێبکەنەوە”.

بابەتی پێشتر

ژمارەی توشبوون بە كۆرۆنا لە جیهان 40 ملیۆن كەسی تێپەڕاند

بابەتی دواتر

داوا دەكرێت گروپە چەكدارییەكان لە پارێزگای سەڵاحەدین دەربكرێن

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share