هاوپەیمانی فەتح ناردنی پارە بۆ هەرێمی كوردستان ڕەتدەكاتەوە و هۆشداریش بە حكومەتی عێراق دەدات

هاوپەیمانی فەتح لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بڕیارەکەی ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق بۆ ناردنی 200 ملیار دینار بۆ هەرێم ڕەتدەکاتەوە و دەڵێت، پێشێلكارییەكی حاشا هەڵنەگری یاسای بودجەیە و ڕێكاریی یاسایی لە دژی حكومەت دەگرینەبەر.

هاوپەیمانی فەتح، كە هادی عامری سەرۆكایەتی دەكات لە ڕاگەیەندراوەكەیدا ئاماژەی بەوەكردووە،”بە سەرسامییەکی گەورەوە دەڕوانینە بڕیارەکەی ئەنجومەنی وەزیرانیی عێراق، سەبارەت بەناردنی 200 ملیار دینار بۆهەرێمی کوردستان بەشێوەی مانگانە، چونكە ناردنی ئەو پارەیە و هەژمارکردنی شەش مانگی ڕابردوو، هیچ بڕگەیەکی یاسایی پاڵپشتی ناکات و پێشێلکارییەکی حاشا هەڵنەگرە بۆ ماددەکانی (10و 11) ی یاسای بودجە”.

لەبەشێكی دیكەی ڕاگەیەندراوەكە باسلەوەكراوە، “حکومەتی هەرێم لە ماوەی ڕابردوودا پابەندی بەڵێنەکانی نەبووە وهیچ بڕە پارەیەکی لە پێنج مانگی سەرەتای ئەمساڵ ڕادەستی بەغداد نەکردووە، هەر بۆیە ناردنی ئەو بڕە پارەیە بەبیانوی ئەوەی کە دەچێتە ژێر ناونیشانی (پێشینە)وە هەڵگەڕانەوەیەکی مەترسیدارە لەسەر ماددەکانی یاساکە”.

هاوپەیمانێتی فەتح ئەوەشیخستوەتەڕوو، “داهاتی فرۆشی نەوتی هەرێم بەزیادیشەوە دەتوانێت موچەی فەرمانبەران دابین بكات و لێشی بمێنێتەوە”.

لە كۆتایی ڕاگەیەندراوەكەشدا هۆشداری بە كازمی دەدەن و دەڵێن، “هەموو ڕێکارە یاساییەکان دەگرینە بەر بۆ پارێزگاریکردن لە مافی عێراقییەکان و بەتایبەتی هاوڵاتیانی پارێزگاکانی ناوەڕاست و باشوری عێراق”.

بابەتی پێشتر

پلەی گەرمای مۆسكۆ لە ژمارەیەكی پێوانەیی نزیكدەبێتەوە

بابەتی دواتر

بەڕێوەبەرێكی گشتی لە كەركوك بە تۆمەتی بەهەدەردان دەستگیركرا

بابەتی پەیوەندیدار
زیاتر ببینە

بەهای دۆلار دابەزی

لەگەڵ کردنەوەی بازاڕەکانی دراو لە شارەکانی هەرێمی کوردستان بەهای 100 دۆلاری ئەمریکی بۆ 150 هەزار دینار دابەزی. ئێوارەی…
Total
0
Share