هیومان ڕایتس وۆچ: سوریا و ڕوسیا تاوانی جەنگییان لە ئیدلب ئەنجامداوە

یەكێك لە ڕوداوەكانی ئیدلب فۆتۆ: Google
ڕێكخراوی هیومان ڕایتس وۆچ ڕایدەگەیەنێت، هێرشی هێزە چەكدارەكانی سوریا و ڕوسیا بۆ سەر ژێرخانی مەدەنی لە ئیدلب، وا دەردەكەوێت كە تاوانی جەنگن و دەگەنە ئاستی تاوانی دژ بە مرۆڤایەتی.

ڕێكخراوی بەرگریی مافەكانی مرۆڤ (هیومان ڕایتس وۆچ)، كە بارەگا سەرەكییەكەی لە نیویۆرك-ە، ئەمڕۆ پێنجشەممە 15ی تشرینی یەكەم بڵاویكردەوە، دەیان بۆردومانی ئاسمانی و زەمینیی نایاسایی كە قوتابخانە و بازاڕەكانی گرتەوە لەماوەی نێوان نیسانی 2019 و ئازاری 2020 بووەتە هۆی كوژرانی سەدان هاوڵاتیی مەدەنی، هەروەك هێرشەكان بەشێوەیەكی مەترسیدار زیانی گەیاندنە مافی گەیشتن بە تەندروستی و فێركردن و خواردن و ئاو و شوێنی نیشتەجێبوون، بەهۆیەوە ئاوارەبوونی بەكۆمەڵ ڕوویدا.

ئەم ڕاگەیەنراوە لەمیانەی ڕاپۆرتێكی ورددا بوو كە ڕێكخراوەكە لە 184 لاپەڕەدا لەژێر ناونیشانی “ئەوان ژیان لە ئیدلب دەكەنە ئامانج: بۆردومانە سوری و ڕوسییەكان بۆ سەر ژێرخانی مەدەنی” دەیان لەو پێشێلكارییانەی تۆماركردووە كە لەماوەی یانزە مانگی پڕۆسە سەربازییەكاندا ئەنجامدراون، كە مەبەست لێیان دووبارە كۆنتڕۆڵكردنەوەی ئیدلب و ناوچەكانی دەوروبەری بووە، كە ببووە دواین مۆڵگەی گروپە چەكدارە بەرهەڵسكارەكان.

ڕاپۆرتەكە پێشنیاری بۆ سەرجەم لایەنە پەیوەندیدارەكان بە جەنگ لە سوریا تێدایە، هۆشداری ئەوەشدەدات كە مەترسی دووبارەبوونەوەی كارە تاوانكارییەكان بۆ سەر هاوڵاتییانی مەدەنی ڕوو لە زیادبوونە، بەبێ ئەوەی هیچ ڕێوشوێنێكی ناوخۆیی یان نێودەوڵەتی گیرابێتەبەر دژ بە بەرپرسانی پێشێلكارییەكان، لەكاتێكدا هیچ ڕێوشوێنێك نییە بۆ بەرگرتن لە ئەنجامدەرانی تاوان و ئەودوای پێشێلكارییە قێزەونەكان لە ئایندەدا.

ڕاپۆرتەكە پشت بەو چاوپێكەوتنانە دەبەستێت كە لەگەڵ شایەتحاڵان و بەرپرسانی ڕێكخراوە ناحكومییە نێودەوڵەتییەكان ئەنجامدراون، سەرەڕای نەخشە و وێنەی مانگە دەستكردەكان و ڕاپۆرتی ڕێكخراوەكانی تر.

ڕاپۆرتەكە ناوی دە گەورە بەرپرسی مەدەنی و سەربازیی سوری و ڕوسی دەهێنێت كە پێدەچێت تێوەگلاوبن لەو پێشێلكارییانە لەسەر بنەمای بەرپرسیارێتییان لەوانەش “بەشار ئەسەد، سەرۆكی سوریا و ڤلادیمیر پوتن، سەرۆكی روسیا و عیماد عەلی عەبدوڵا، وەزیری بەرگری سوریا و لیوا ئەحمەد بلول، فەرماندەی ئاسمانی سوریا و جەنەڕاڵ سێرگی شویگۆ، وەزیری بەرگری ڕوسیا”.

 


 

بابەتی پێشتر

قایمقامێكی نوێ بۆ شەنگال لەسەر پشكی پارتی دادەنرێت

بابەتی دواتر

سەركردایەتیی ڕوسیا پەیام بۆ كازمی دەنێرێت

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share