پەرلەمانتارێك: وا لە وەزیری دارایی تێگەیشتین لێبڕین و دۆخی موچە وەكخۆی دەمێنێتەوە

وەزیری دارایی لەگەڵ لیژنەی دارایی و ئابوریی پەرلەمانی كوردستان كۆبووەوە و ئەندامێكی لیژنەكەش دەڵێت، ئەوەی لە كۆبوونەوەكەدا خوێندنەوەمان بۆی كرد ئەوەیە كە دۆخی موچە و لێبڕین بەمشێوەیەی ئێستا دەمێنێتەوە و بەردەوام دەبێت.

ئەمڕۆ دووشەممە ئاوات جەناب، وەزیری دارایی و ئابوریی حكومەتی هەرێمی كوردستان لەگەڵ لیژنەی دارایی و كاروباری ئابوریی پەرلەمانی كوردستان كۆبووەوە، ئەندامێكی لیژنەكە ناوەرۆكەكەی ئاشكرادەكات.

عومەر عەبدوڵا گوڵپی، ئەندامی لیژنەی دارایی و كاروباری ئابوری بە تۆڕی میدیایی ئێستای وت، كۆبوونەوەی ئەمڕۆی لیژنەكەیان لە درێژكراوەی زنجیرەیەك كۆبوونەوەدایە لەگەڵ وەزیرە پەیوەندیدارەكانی حكومەتی هەرێم تایبەت بە ڕاپۆرتی دووەمی چاكسازی.

وتیشی، “پێشتر لەگەڵ وەزیرانی ناوخۆ، شەهیدان و پێشمەرگە كۆبووینەوە و ئەمڕۆش كۆبوونەوەی لیژنەكەمان لەگەڵ وەزیری داراییدا بوو”.

عومەر گوڵپی ئەوەشی خستەڕوو، “لە كۆی قسەكانی وەزیری دارایی تێگەیشتین كە هەتا چاكسازیی ڕاستەقینە نەكرێت و سەرجەمی داهات نەگەڕێتەوە بۆ خەزێنەی گشتی و پێداچوونەوە بە سەرجەم گرێبەستەكاندا نەكرێت، بەتایبەت گرێبەستەكانی نەوت و گرێبەستی خاڵە سنوورییەكان، دۆخی دارایی بەمجۆرە دەبێت، وا تێگەیشتین كە لێبڕینی موچە وەك خۆی بەردەوام دەبێت”.

سەبارەت بە ڕێككەوتنی نێوان هەرێم و بەغداد كە لە یاسای بودجەدا جێی كراوەتەوە ئەندامەكەی لیژنەی دارایی ئەوەی خستەڕوو، “لەو ڕێككەوتنەدا نە هەرێم و نە بەغداد ویستی ئەوەیان نەبووە كە دۆخی دارایی هەرێم و دۆخی دارایی هاوڵاتییان و موچەخۆران چاك بكرێت، بەڵكو ڕێككەوتنێكی سیاسی و یاساییە و هیچ دەستكەوتێكی ئابوری نییە، هیچ كام لەو دوو حكومەتە نایانەوێت لەپێناو خەڵك و باشكردنی بژێوی ژیانیان هەندێك هەنگاو بگرنەبەر”.

عومەر گوڵپی ئاماژەی بەوەشكرد، ئەوانەی لە بەغدادیش بڕیاربەدەستن بۆ شاندی هەرێم ئاماژەیان بەوەكردووە كە نایانەوێت پارە بۆ هەرێم بنێرن، بۆیە بە وتەی ئەو پەرلەمانتارە دۆخەكە بەمجۆرەی ئێستا دەمێنێتەوە.

پێشتر 56 ئەندامی پەرلەمان، یاداشتێكیان ئاراستەی دەستەی سەرۆكایەتی پەرلەمان كرد تا دانیشتنێك تایبەت بە كێشەی موچە گرێبدات، لەوبارەیەوە ئەندامەكەی لیژنەی دارایی ڕایگەیاند، یاداشتەكە ژمارەی یاسایی واژووی كردووە و لەكاتی یاساییدا پێشكەشكراوە و چاوەڕوانین سەرۆكایەتی پەرلەمان وادەی دانیشتنێك دەستنیشان بكات، ئەگەرچی 17 ڕۆژ بەسەر پێشكەشكردنیدا تێپەڕیووە.

بابەتی پێشتر

ئەندامێكی شاندی ئاشتی: ڕێوشوێنەكانی حكومەتی هەرێم دیكتاتۆریەتی توركیامان بەبیردەهێنێتەوە

بابەتی دواتر

كۆرۆنا لەهەرێم.. 613 توشبوو و 612 چاكبوونەوە تۆماركران

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share