ناتۆ: پەیوەندییەكانمان لەگەڵ ڕوسیا باش نییە و لەگەڵ چین دوژمنانە نییە

یەنس ستۆلتنبێرگ ئەمینداری گشتیی هاوپەیمانیی باكووری ئەتڵەسی

ئەمینداری پەیمانی باكووری ئەتڵەسی ڕایدەگەیەنێت، لە دوای كۆتاییهاتنی جەنگی ساردەوە، لەئێستادا پەیوەندییەكانی نێوان ڕوسیا و هاوپەیمانییەكەیان لە نزمترین ئاستدایە، دەشڵێت، چین-یش دوژمن نییە.

یەنس ستۆلتنبێرگ ئەمینداری گشتیی هاوپەیمانیی باكووری ئەتڵەسی (ناتۆ) ئەمڕۆ دووشەممە لەمیانەی كۆبوونەوەی لوتكەی ناتۆ، كە لە بڕۆكسل بەڕێوەدەچێت وتی، هاوپەیمانییەكەیان درێژە بە گفتوگۆكان لەگەڵ ڕوسیا دەدات، لەكاتێكدا پەیوەندییەكانیان بەڕادەیەك لەگەڵ مۆسكۆ خراپە، كە دوای جەنگی سارد هیچ كات بەو شێوەیە نەبووە.

ستۆلتنبێرگ قسەی لەسەر چینیش كرد، سەرەڕای باسكردن لە مەترسییەكان، بەڵام وڵاتەكەی بە دوژمن نەزانی، وتی، “چین بووەتە ئالنگارییەكی ئەمنی و ئابوری و سیاسی”.

باسی لەوەشكرد، بەیاننامەی كۆتایی كۆبوونەوەی لوتكەی ناتۆ ستراتیژێكی نوێ بەرامبەر پەككین لەخۆدەگرێت.

ئەمینداری گشتیی ناتۆ ڕونیشیكردەوە، “چین دوژمنمان نییە، بەڵام بۆ ئێمە ئاڵنگارییەكە”. ئاماژەی بەوەشكرد، هیچ وڵاتێكی هاوپەیمانیی ناتۆ بەتەنها ناتوانێت ڕوبەڕووی چین ببێتەوە، بۆیە هەڵوێستێكی یەكگرتوو دەربارەی ڕادەگەیەنرێت.

لەبارەی سروشتی مەترسییەكانی چین لەسەر ناتۆ، ستۆلتنبێرگ وتی، “چین لێمان نزیكدەبێتەوە، لە بواری ئینتەرنێت و تەكنەلۆژیای زانیاری دەیانبینین، چین لە ئەفریقا دەبینین، لەهەمان كاتدا دەبینین چین بە چڕی وەبەرهێنان لە ژێرخانی وڵاتانی ناتۆدا دەكات”.

ئەمینداری گشتیی هاوپەیمانیی ناتۆ وتیشی، “دەزانین چین هاوبەش نییە لە بەهاكانماندا، وەك هاوپەیمانییەكە پێویستمان بە وەڵامدانەوەی پێكەوەییە “، بەڵام سەرەڕای ئەمانە ستۆلتنبێرگ وتی، چین دوژمن یان ڕكابەری ناتۆ نییە.

س: ڕۆیتەرز + تاس

بابەتی پێشتر

داعش چەند تاوەرێکی کارەبای لە نزیکی کەرکوک تەقاندەوە و هەرێم و عێراق بەڵێنی چارەسەر دەدەن

بابەتی دواتر

وەزارەتی تەندروستیی ئێران مۆڵەتی بە ڤاکسینە ئێرانییەکەدا

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share