ئەمڕۆ رۆژی جیهانیی ئاوە

رۆژی 22ی ئازار بە رۆژی جیهانیی ئاو ناسێندراوە، ئامانج لە دیاریکردنی ئەم رۆژە هۆشیارکردنەوەی کۆمەڵگەیە لەبارەی پاراستنی ئاو و سەرچاوە ئاوییەکانەوە.

ناونیشانی 2025ی رۆژی جیهانیی ئاو بریتییە لە “پاراستنی سەهۆڵبەندان”، ئەوەش بەهۆی ئەوەی کە ئێستا سەهۆڵبەندانەکان خێراتر لە جاران دەتوێنەوە، بەهۆی گۆڕانی کەشوهەوا و بەرزبوونەوەی پلەی گەرمییەوە، ئەوەش وادەکات رووبەری بەستوو لە جیهاندا کەم و بچووک ببێتەوە.

نەتەوە یەکگرتووەکان باس لەوە دەکات، “لێشاوی ئاو لە توانەوەی سەهۆڵبەندان بەردەوام لە گۆڕاندایە و دەبێتە هۆی دروستبوونی لافاو، وشکەساڵی، بومەلەرزە و بەرزبوونەوەی ئاستی دەریاکان کە کاریگەری لەسەر ملیارەها کەس دەبێت”.

ئاماژە بەوەشدەکات، “سەهۆڵبەندانەکان بۆ ژیان گرنگن ئەو ئاوەی کە لە توانەوەی ئەواندا بەدەستدەهێندرێت بۆ خواردنەوە، کشتوکاڵ، پیشەسازی، بەرهەمهێنانی وزەی پاک سوودی لێدەبیندرێت، کاتێک بە بڕی پێویست بتوێندرێنەوە لەلایەن مرۆڤەوە، بەڵام توانەوەی خۆرسک و خێرای سەهۆڵبەندانەکان نادڵنیایی لەبارەی ئاوەوە دروستدەکەن و کاریگەریی قووڵ لەسەر مرۆڤ و هەسارەی زەوی دروستدەکەن”.

نەتەوە یەکگرتووەکان دەڵێت، “لە رۆژی جیهانیی ئاودا، پێویستە پێکەوە کاربکەین بۆ ئەوەی پاراستنی سەهۆڵبەندان بکەینە جێگەی سەرنجی پلانەکانمان بۆ چارەسەرکردنی گۆڕانی کەشوهەوا و قەیرانی ئاوی جیهانی، رزگارکردنی سەهۆڵبەندانەکانمان ستراتیژی مانەوەیە بۆ مرۆڤ و هەسارەی زەوی و پاراستنی سەرچاوەکانی ئاو بۆ داهاتوو”.

 

 

 

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share