ئەندامێكی لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی كوردستان ئاشكرایدەكات، سبەی وەزیری دارایی و بەڕێوەبەری گومرگەكانی هەرێم لەسەر ڕاپۆرتی دووەمی یاسای چاكسازی و پرسی لێبڕینی موچەی فەرمانبەران دێنە پەرلەمانی كوردستان.
عومەر گوڵپی، ئەندامی لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی كوردستان بە تۆڕی میدیایی ئێستای ڕاگەیاند، “بڕیارە سبەی وەزیری دارایی و بەڕێوەبەری گومركەكانی هەرێم، لەسەر داوای لیژنەی دارایی، بۆ هەڵسەنگاندنی ڕاپۆرتی یاسای چاكسازی و زانینی هۆكاری سست بەڕێوەچوونی یاساكە، دێنە پەرلەمانی كوردستان”.
وتیشی، “پێشتر چوار وەزیرمان بانگهێشتكرد، سێ وەزیریان لە سێ هەفتەی ڕابردوو هاتنە پەرلەمان، كە ئەوانیش وەزیرانی ناوخۆ، پێشمەرگە و شەهیدان بوون”.
پەرلەمانتارەكەی لیژنەی دارایی ڕونیشیكردەوە، “سبەی وەزیری دارایی دێتە لیژنەی دارایی، جگە لە ڕاپۆرتەكەی یاسای چاكسازی، لەبارەی لێبڕینی موچە و داهاتەوە ڕوونكردنەوەمان دەداتێ”.
گوڵپی جەختی لەوەشكردەوە، “ئەو یاداشتەی وەكو 56 پەرلەمانتار داوامانكرد حكومەت بێتە پەرلەمان، تا لە كۆبوونەوەیەكی تایبەتدا باسی دۆخی دارایی هەرێم و لێبڕینی مووچە بكرێت، دوو هەفتەیە دواكەوتووە و چاوەڕێین ئەم هەفتەیە ئەنجامبدرێت”.