عێراق و تورکیا گفتوگۆکان سەبارەت بە مافە ئاوییەکان دەستپێدەکەنەوە

بڕیارە 21ی ئەم مانگە شاندێکی هونەریی عێراق سەردانی ئەنقەرە بکات، بۆ گفتوگۆکردن سەبارەت بە قەیرانی ئاو، کە عێراق ڕوبەڕووی بووەتەوە و بەشێكی زۆری پەیوەندیی بە  گلدانەوەی ئاوەوە هەیە لەلایەن تورکیاوە.

عێراق ئێستا بەگشتی لە قەیرانێکی قوڵی ئاودایە بەهۆی کەمبوونەوەی بەرچاوی ئاو لە هەردوو ڕووباری دیجلە و فورات، هۆکارەکەشی بۆ دروستکردنی ژمارەیەک بەنداو لەلایەن وڵاتانی دەوروبەر دەگەڕێتەوە بەمەبەستی گلدانەوەی ئاو، یان پرۆژەی کشتوکاڵی.

مەهدی ڕەشید، وەزیری سەرچاوەکانی ئاوی عێراق بە ڕۆژنامەی سەباح-ی ڕاگەیاندووە، “لە ماوەیەکی نزیکدا گفتوگۆکانمان لەگەڵ تورکیا دەستپێدەکات سەبارەت بە ئاوی هەردوو ڕووباری دیجلە و فورات، هەروەها چالاککردنی پرۆتۆکۆڵەکانی هەماهەنگیی نێوان هەردوولا لەبارەی سەرچاوەکانی ئاوەوە”.

ئاماژەی بەوەشکردووە، تاوەکو ئێستا هیچ ڕێککەوتنێک لەنێوان عێراق و تورکیا نییە لەسەر مافەکانی هەردوولا لە سەرچاوە ئاوییە هاوبەشەکاندا، بەڵام لەساڵانی پێشوودا چەند پرۆتۆکۆڵێكی هاوبەش لەنێوان عێراق و تورکیا هەبوون پەیوەست بەو سەرچاوە ئاوییانەی بە خاکی عێراقدا تێدەپەڕن.

یەکێک لەو پرۆتۆکۆڵانە دەگەڕێتەوە بۆ ساڵی 1920 لەنێوان هەرسێ وڵاتی عێراق، سوریا و تورکیا و تێیدا مەرجی ئەوە دانراوە، کە دروستکردنی بەنداو لە هەر وڵاتێکدا نابێت ببێتە هۆی زیانگەیاندن بە ئاوی لایەنەکانی دیکە.

لەلایەکی دیکەوە هادی بەیاتی شارەزای بواری ئاو بە ڕۆژنامەی سەباح-ی ڕاگەیاندووە، تورکیا 10 بەندی لەبارەی پاراستنی مافی ئاوی وڵاتانی دیکە پشتگوێخستووە، کە هەر وڵاتێک پابەند دەکات بە پاراستنی پشکی ئاوی لایەنەکانی دیکە لە ڕووبارەكانی دیجلە و فورات.

دەشڵێت، ئەو قەیرانی ئاوەی ئێستا لە عێراق هەیە لە حەفتاکانی سەدەی پێشووەوە لە وڵاتەكە ڕووینەداوە، ئەوەش بەهۆی دروستکردنی یەکێک لە بەنداوە گەورەکانی تورکیا و گلدانەوەی بڕێکی زۆر لە ئاوی ئەو ڕووبارانە.

باسیشی لە لێکتێگەیشتنێک لەنێوان هەردوو وڵاتدا کردووە، کە لەساڵی 2014 لەنێوانیاندا واژووکراوە و لە 12 بەند پێکهاتووە، گرنگترینیشیان باس لە هەماهەنگی دەکات لە ئیدارەدانی هەردوو ڕووباری دیجلە و فورات و پاراستنی پشکی هەردوولا.

بابەتی پێشتر

زانكۆیەكی بەریتانی: ئۆتیزم لە عێراق لە زیادبووندایە

بابەتی دواتر

سلێمانی.. بكوژی خاوەن خانووەكە دەستگیركرا

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share