تەلەڤزیۆنی ” العهد” کە زمانحاڵی گروپی چەکداری ” عصائب اهل الحق”ە بە سەرکردایەتی قەیس خەزعەلی، تیرۆری عەقید نبراس فەیلی، دەخاتە ئەستۆی شانە نوستووەکانی ئیمارات لە عێراق.
ئەگەرچی خۆپیشاندەرانی عێراقی پەنجەی تۆمەت بۆ گروپە چەکدارییەکانی ناو حەشدی شەعبی درێژ دەکەن، سەبارەت بە کوشتنی ئەو بەرپرسە ئەمنیانە، بەڵام ئەو کەناڵەی نزیک لە حەشدی شەعبی ئیمارات تۆمەتبار دەکات.
تەلەڤزیۆنەکە ئاماژەی بە قسەیەکی قەیس غەزعەلی، سەرکردەی گروپە چەکدارییەکە کردووە، کە پێشتر ڕایگەیاندبوو “تیمێکی هەواڵگیریی ئیماراتی هاتوونەتە خاکی عێراقەوە و چالاکیان دەبێت”.
غەزعەلی لە قسەکانیدا ڕایگەیاندبوو، “زانیارییە هەواڵگیرییەکان ئەوەمان پێدەڵێن، کە ئیمارات پارەیەکی زۆری هێناوەتە خاکی عێراقەوە و دەیەوێت بۆ چەند مەبەستێک لە هەندێک ئامانجی خۆیدا بەکاری بهێنێت”.
ڕۆژی ٧ی ئەم مانگە عەقید، نبراس فەرمان فەیلی، یاریدەدەری بەرپرسی چاودێری و پشكنین لە هەواڵگریی عێراق، لە کاتی چوونی بۆسەر کارەکەی، لە ڕۆژهەڵاتی بەغداد لەلایەن چەكدارانی نەناسراوەوە تیرۆركرا.
بەرپرسانی عێراق هەمیشە جەخت لەوە دەکەنەوە، کە ڕێگە نادەن دەستوەردانی دەرەکی لە عێراقدا بەردەوامی هەبێت و نایانەوێت عێراق ببێتە شوێنی یەکلایکردنەوەی هاوکێشە ناوچەییەکان، بەڵام ئیمارات یان ئێران یان هەر وڵاتێکی دیکە دەستی لە کردەوەکاندا هەبێت، عێراقییەکان وەک هەمیشە قوربانی یەکەمی یەکلاییکردنەوەی هاوکێشە نێودەوڵەتییەکانن.