بافڵ تاڵەبانی هاوسەرۆكی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان لەمیانەی كۆبوونەوەی لەگەڵ جینین پلاسخارت، نوێنەری تایبەتی سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان لە عێراق ڕایگەیاند، “لەگەڵ هەماهەنگی و لێکتێگەیشتنی نێوان هێز و لایەنە کوردستانییەکانین و دەبێت هەموومان پێکەوە قەوارەی هەرێم بپارێزین”.
بافڵ تاڵەبانی، هاوسەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان ئەمڕۆ لەگەڵ جینین پلاسخارت، نوێنەری تایبەتی سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان لە عێراق کۆبووەوە.
بەگوێرەی ڕاگەیەندراوێكی نوسینگەكەی، “لە کۆبوونەوەکەدا بافڵ تاڵەبانی هەڵوێست و بۆچوونی یەکێتی لەبارەی کۆی پرسەکان خستەڕوو و ڕایگەیاند، ئێمە لەگەڵ هەماهەنگی و لێکتێگەیشتنی نێوان هێز و لایەنە کوردستانییەکانین و دەبێت هەموومان پێکەوە قەوارەی هەرێم بپارێزین، بەشدار و هاوبەشی راستەقینە بین بۆ بەڕێوەبردن و بڕیاردان لەسەر پرسە چارەنووسسازەکان”.
وتیشی، “پێشوازی لە هەر هەوڵێکی نێودەوڵەتیش دەکەین، کە ئامانج لێی پێشخستنی ئەزموونی هەرێمی کوردستان بێت”.
سەبارەت بە ھەڵبژاردنەکانی عێراقیش هاوسەرۆکی یەکێتی جەختی لە ئەنجامدانی ھەڵبژاردنێکی پاک و بێگەرد کردەوە و داوایکرد نەتەوە یەکگرتووەکان رۆڵێکی گرنگ و کارا ببین لە چاودێریکردنی پرۆسەکە و سەرخستنی ئەزموونی دیموکراسی لە وڵاتەکە.
هەر بەگوێرەی ڕاگەیەندراوەكە، پێکەوەژیان و یەکترقبوڵکردن تەوەرێکی دیكەی کۆبوونەوەکە بوو و هەردوولا هاوڕابوون لەسەر بووژاندنەوەی گیانی تەبایی لەنێوان سەرجەم نەتەوە و پێکهاتەکان و ڕایانگەیاند، هەموو ڕەنگ و دەنگە جیاوازەکان دەتوانن پێکەوە وڵاتێکی ئارام و سەقامگیر بونیادبنێن و هەمووان پێکەوە لەپێناو بەرژەوەندییە گشتییەکاندا کاربکەن.