وەزارەتی خوێندنی باڵا بڕیارێکی لە بەرژەوەندی سێ یەکەمەکانی زانکۆکان دەرکرد

وەزارەتی خوێندنی باڵای هەرێم بڕیارێکی لە بەرژەوەندی سێ یەکەمەکانی زانکۆکان دەرکرد، ئەویش بە داشکاندنی کرێی خوێندنەکانیان لە ماستەر بۆ ساڵانی 2019 و 2020.

بەگوێرەی ڕاگەیەندراوێكی وەزارەتی خوێندنی باڵای هەرێم، “لە کۆبوونەوەی ئەنجومەنی وەزارەت و بەمەبەستی هاندان و پاڵپشتی کردنی سێ یەکەمەکانی بەشە زانستییەکانی زانکۆکانی کوردستان، کە تا ئێستا دانەمەزراون، ئەنجومەنی وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی بڕیاریدا لە خوێندنی ماستەر بۆ ساڵی (2019-2020٠) کە لە زانکۆکان وەرگیراون بەشێوازای پارالێل، یەکەمەکان بە ڕێژەی (75%) و دووەمەکان بەڕێژەی (50%) و سێیەمەکان بەڕێژەی (30%) لە کرێی خوێندنی ساڵی دووەمیان دادەشکێنرێت”.

هەر لەڕاگەیەندراوەكە هاتووە، “لەچوارچێوەی تاوتوێکردنی بەرنامەی کاری کۆبونەوەی ئەنجومەنی وەزارەت، پاڵپشت بە دوو پرۆپۆزەڵی زانکۆی پۆلیتەکنیکی سلێمانی و یاداشتەکانی دەزگای سەرپەرشتی و دڵنیایی جۆری لە وەزارەت، ئەنجومەنی وەزارەت بڕیاریدا بە کردنەوەی خوێندنی ماستەری پیشەیی (MBA) ، دکتۆرای پیشەیی (DBA) هەروەها کردنەوەی سەنتەری خوێندنی پیشەیی یەک ساڵە بۆ دەرچوانی خوێندنگە ئامادەییە زانستی و وێژەییەکان و پەیمانگە پێنج ساڵییەکان، لە زانکۆ پۆلیتەکنیکیەکانی هەرێمی کوردستان .”

لەبڕگەیەکی دیکەی کۆبونەوەکەدا ناوی کۆلێژی تەکنیکی تەندروستی لە زانکۆ پۆلیتەکنیکیەکانی هەرێمی کوردستان گۆڕدرا بۆ کۆلێژی تەکنیکی تەندروستی و پزیشکی هاوشێوەی کۆلێژە تەکنیکییەکانی عێراق .

لای خۆیەوە ئارام محەمەد وەزیری خوێندنی باڵا ئاماژەی بەوەكرد، نایانەوێت زانکۆ تەنها بڕوانامە ببەخشێت و فەرمانبەر بۆ کەرتی گشتی ئامادەبکات، بەڵکو پێویستە زانکۆ کارامەیی و پیشەیی بۆ خوێندکارانی دروستبکات، تا دوای تەواوکردنی خوێندن بتوانن دەرفەتی کار بۆ خەڵکی دیکە بڕەخسێنن و لە بازاڕی کاری کوردستاندا هەلی کاری گونجاویان بۆ بەدەست بهێنن.

بابەتی پێشتر

دادگای توركیا دۆسیەی داخستنی هەدەپە دەكاتەوە

بابەتی دواتر

بافڵ تاڵەبانی: دەبێت هەموومان پێکەوە قەوارەی هەرێم بپارێزین

بابەتی پەیوەندیدار
Total
19
Share