منداڵی خێزانە کوردەکە دوای 8 مانگ لە خنکانی دۆزرایەوە

پۆلیسی وڵاتی نەرویج ڕایگەیاند، دوای وەرگرتنی DNA دەرکەوتووە ئەو تەرمەی لە کەناراوەکانی وڵاتەكە دۆزراوەتەوە، ئارتین ئێران نەژاد-ە، کە 8 مانگ پێش ئێستا لەگەڵ دایک و باوکی و خوشک و براکانیدا لە کەناڵی مانش لە نێوان فەرەنسا بۆ بەریتانیا، ژێرئاو کەوتبوون.

پۆلیسی ناوچەی ڕۆژئاوای نەرویج ڕایگەیاندووە، “ماوەیەک پێش ئێستا تەرمی منداڵێک لەلایەن ماسیگرێکەوە دۆزراوەتەوە، بەڵام دوای پشکنینی DNA دەرکەوتووە تەرمی ئارتین ئێران نەژاد-ە، کە 8 مانگ پێش ئێستا لەگەڵ خێزانەکەی ژێرئاو کەوتبوون”.

ئەو شارەی تەرمی منداڵە کوردەکەی تێدا دۆزراوەتەوە، ناوی کارمۆ-یە و زیاتر لە 800 کیلۆمەتر لە کەناڵی مانشەوە دوورە، بە درێژای ئەو چەند مانگە شەپۆلەكانی ئاو جەستەی ئارتینی بەرەو وڵاتی نەرویج بردووە.

ئەو جلانەی لە کاتی دۆزینەوەی ئارتیندا لەبەریدابووە

8 مانگ پێش ئێستا هەریەك لە ڕەسول ئێران نەژاد و شیفا محەمەد پەناهی-ی هاوسەری (كە هەردووكیان تەمەنیان 35 ساڵ بوو)، دوو لە منداڵەكانیان، ئەنیتا (نۆ ساڵ) و ئەرمین (شەش ساڵ) لەمیانەی هەوڵیاندا لە ڕۆژهەڵاتی کوردستانەوە گەشتیان بەرەو ئەوروپا کرد و لە ڕێگەی گەیشتن بە بەریتانیا ژێرئاو کەوتن و خنكان.

هەر ئەوکات وا ڕاگەیەندرا، کە ئارتین لە ڕووداوەکەدا ونبووە و نەدۆزراوەتەوە، ئێستا دوای 8 مانگ پۆلیسی وڵاتی نەرویج دۆزینەوەی تەرمی ئارتینی یەکلاییکردەوە.

بابەتی پێشتر

ئاژانسی وزەی ئەتۆم: ئێران وەڵامی پرسیارەکانمان ناداتەوە و ئەوەش ترسناکە

بابەتی دواتر

زانکۆی کوردستان لە سنە ڕیزبەندی باشترین زانکۆی ئێرانی گرتووە

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share