سەرۆکی دیوانی ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێم ڕەزامەندیی دەربڕیوە بە خەرجکردنی 4 ملیار و 527 ملیۆن دینار، بۆ سەوزکردنی سێ زۆنی سەوزایی لە شاری سلێمانی.
بەپێی نوسراوێک، کە بۆ وەزارەتی دارایی حکومەت نێردراوە، داواکراوە بۆ بەڕێوەبردنی چاکسازیی پارکی هەواری شار، بلواری 60 مەتریی مەلیک مەحمود و بلواری سلێمانی – تاسڵوجە، بڕی چوار ملیار و 527 ملیۆن و 450 هەزار دینار خەرجبکرێت.
ئەو سێ زۆنەی حکومەتی هەرێم ڕەزامەندی دەربڕیووە بۆ خەرجکردنی پارە بۆیان، دەکەونە سنوری کاری شارەوانیی سلێمانییەوە و ساڵانە لەکاتی ئاودانی سەوزایی و درەختەکان، شارەوانیی سلێمانی نوسراو بۆ وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار دەکات بۆ خەرجکردنی بڕەپارەیەک بۆ ئەو سێ زۆنە.
پێشتریش مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێم بەڵێنیدابوو، بڕی زیاتر لە پێنج ملیار و 700 ملیۆن دینار بۆ ئەو زۆنە سەوزاییانەی سلێمانی دابین بکەن.