بارتۆمیو تاکلایەنە پاشەکەوتی موچەی یاریزانانی بەرشلۆنە دەکات

جارێکی دیکە ئیدارەی یانەی بەرشلۆنە داوای کەمکردنەوەی موچەی لە یاریزانانی کردووە، یاریزانانیش بەم داواکارییە قایلنەبوون. 

ڕۆژنامەی مارکای ئیسپانی ئاشکرایکردووە، بەهۆی قەیرانە داراییەکانەوە جارێکی دیکە جوسێپ ماریا بارتۆمیو و ستافەکەی کۆبوونەوەیان لەگەڵ نوێنەری یاریزانان ئەنجامداوە و داوای کەمکردنەوەی موچەیان کردووە.

یانە کەتەلۆنیەکە بەهۆی لەدەستدانی زیاتر لە 90 ملیۆن یورۆی داهاتی ساڵانە و قەیرانی دارایی سەردەمی کۆرۆناوە، ناچاربووە بە کەمکردنەوەی موچەی یاریزانان و کارمەندانی یانەکە بەبڕی لەسەدا (30) کورتهێنانی میزانیە پڕبکاتەوە.

بەپێی سەرچاوەکە، مانگی سێی ساڵی 2020 بۆ یەکەمجار داوای کەمکردنەوەی موچە لە یاریزانانی بەرشلۆنە کرا، یاریزانانیش لە پێناو یاریدەدانی یانەکەیاندا داواکەیان قبوڵکرد، بەڵام ئەمجارە بەتوندی ڕەتیانکردووەتەوە پاشەکەوت بە موچەکانیان بکرێت.

دانوستاندنی نێوان بارتۆمیو و یاریزانانی ئازولگرانا تاوەکو پێنجی مانگی تشترینی دووەم بەردەوامیدەبێت، ئەگەر بێتو یاریزانان بەردەوام پێشنیازەکە ڕەتبکەنەوە، ئیدارەی یانە ناچاردەبێت بە بڕیارێکی کارگێڕی تاکلایەنە موچەکان بە ڕێژەی لەسەدا 30 کەمبکاتەوە.

ڕۆژنامەکانی ئیسپانیا دووپاتیانکردووەتەوە، ستافی کارگێری بارتۆمیو بەهەر ڕێگەچارەیەک دەیانەوێت بەر لە ئەنجامدانی هەڵبژاردنەکانی داهاتوو و دەستبەکاربوونی سەرۆکی نوێ کورتهێنانی دارایی بنەبڕبکەن، بەڵام ئەم هەنگاوە قەیرانی یاخیبونێکی دیکەی مێسی و هاوڕێیانی بەدوای خۆیدا دەهێنێت و ڕەنگە کاریگەری لەسەر ئەنجامەکان دروستبکات.

بابەتی پێشتر

یارییەکانی ئەمڕۆ، شەممەی خولەکانی ئەوروپا بەکاتی هەرێمی کوردستان

بابەتی دواتر

سانتۆس دوای حەوت ڕۆژ بۆندی ڕۆبینیۆی هەڵوەشاندەوە

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share