ئێوارەی ئەمڕۆ بافڵ تاڵەبانی، هاوسەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، لە درێژەی دیدارەکانیدا لە بەغداد، لەگەڵ سەرۆک وەزیرانی عێراق کۆبووەوە و پرسی دۆزینەوەی میکانیزمێکی گونجاو بۆ ناردنی شایستە داراییەکانی ھەرێم بە پابەندبوون بە یاسای بودجە و دابینکردنی مووچەی ھەرێم، تاوتوێکرا.
لەدیدارێکدا کە ژمارەیەک لە ئەندامانی مەکتەبی سیاسی و سەرکردایەتیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان ئامادەیبوون جەخت لە پابەندبوون بەبنەما دەستوورییەکان کرایەوە بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان و زاڵبوون بەسەر ئاڵنگارییە سیاسی، ئابوری و ئەمنییەکان و دۆزینەوەی میکانیزمێکی گونجاو بۆ ناردنی شایستە داراییەکانی ھەرێم، بە پابەندبوون بە یاسای بودجە و دابینکردنی مووچەی ھەرێم.
بافڵ تاڵەبانی بەھێزکردنی پەیوەندی و ھاریکاری دامەزراوەکانی حکومەتی فیدڕاڵی و ھەرێمی دووپاتکردەوە لەپێناو سەرخستنی ھەنگاوەکانی خزمەتکردن و چاکسازی ریشەیی لە جومگەکانی بەڕێوەبردن. داواشی لە سەرۆکوەزیران کرد شایستە داراییەکانی ھەرێم، قوتی خەڵک و فەرمانبەرانی ھەرێم نەبەسترێتەوە بە کێشە سیاسییەکان و رێککەوتنی ھەرێم و عێراق بکرێتە مەرجەع بۆ یەکلاکردنەوەی ھەموو کێشەکان.
لەدرێژەی کۆبوونەوەکەدا بافڵ تاڵەبانی جەختی لە کۆدەنگی هێز و لایەنەکان کردەوە لەپێناو دەستەبەرکردنی ژیانێکی شایستە و خۆشگوزەران بۆ خەڵکی کوردستان و عێراق كە ماندووی قەیرانە یەک لەدوای یەکەکانن و ئەرکی هەموومانە لەوپێناوەدا هەوڵبدەین.