كۆبوونەوەی لیژنەی باڵای كۆرۆنا لە هەرێم كۆتایی هات و دەربارەی پڕۆسەی خوێندن بڕیاردراوە بەپێی ئەو بڕیارەی پێشتر دراوە، خوێندن بەردەوام بێت.
دوابەدوای كۆبوونەوەكەش وتەبێژی فەرمی حكومەتی هەرێم بە بەشداری وەزیرانی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی و پەروەردە لە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەنوسیدا بەشێك لە ناوەرۆكەكەیان خستەڕوو.
سەرەتا جوتیار عادل، وتەبێژی فەرمی حكومەتی هەرێمی كوردستان ڕایگەیاند، هەر کەسێک ماسک نەبەستێت سزادەدرێت.
وتیشی، “ئەو بڕیارەی پێشتر سەبارەت خوێندن دراوە وەك خۆی پڕۆسەكە لە ناوەندەكانی خوێندن بەردەوام دەبێت”.
ئەوەشی خستەڕوو، بڕیاردراوە لەسەر كردنەوەی خاڵە سنورییەكانی (باشماخ، حاجی ئۆمەران، پەروێزخان و ئیبراهیم خەلیل) بەمەرجێك پشكنین لە دەروازەكاندا بكرێت.
لای خۆیەوە ئارام محەمەد، وەزیری خوێندنی باڵا ڕایگەیاند، بڕیارەكەیان سەبارەت بە خوێندنی ئاوێتە لە زانكۆ و پەیمانگاكان بۆ پاراستنی گیانی خوێندكاران و ڕزگاركردنی پڕۆسەی خوێندنە.
وتیشی، دەسەڵات دراوە بە زانكۆكان بۆ دیاریكردنی چۆنیەتی بەڕێوەبردنی پڕۆسەی خوێندن.
هاوكات ئالان حەمەسەعید، وەزیری پەروەردە ڕایگەیاند، بڕیاریانداوە پڕۆسەی خوێندن بەشێوازی ئێستا تا كۆبوونەوەی داهاتووی لیژنەكەیان لە 1ی تشرینی دووەم بەردەوام دەبێت.