بەرەی دژ بە بڕینەوەی درەختەکان فراوانتر دەبێت.. بەرهەم ساڵح: چاوپۆشی ناکەین

تا دێت پرسی بڕینەوەی درختی سنوری نێوان هەرێم و تورکیا گەورەتر دەبێت و بەرەی دژ فراوانتر، سەرۆککۆماری عێراقیش دەڵێت، “ئەوەی ڕویداوە تاڵانییە و مایەی چاوپۆشی نییە”.

بەرهەم ساڵح، سەرۆککۆماری عێراق لە تویتێکدا ڕایگەیاند، ” سەرباری لەشكرێشی وپێشێلكردنی سەروەری و شەڕ وئاوارە بوونی خەڵك، بڕینەوەی دارستانە سروشتیەكان لە هرور وباتیفا وناوچە سنووریەکانی كوردستان تاوانە دژ بە مرۆڤ و ژینگە”.

سەرۆککۆماری عێراق ڕاشیگەیاندووە، “ئەوەی ڕویداوە مایەی چاوپۆشی نیە و ئەركمانە لە حكومەتی فیدراڵ وهەرێم هاوكاربین بۆ ڕاگرتنی ئەم دەستدرێژی وتاڵانیە، وسزادانی تاوانكاران”.

هەر ئەمڕۆ ڕێکخراوی (CPT)ی نێودەوڵەتی لەبارەی هێرشی سوپای تورکیا بۆسەر سنورەکانی هەرێم ڕاپۆرتێکی بڵاوکردەوە و ڕایگەیاند، “سوپای تورکیا بە دانیشتوانی چەندین گوندی وتووە، بگەڕێنەوە سەر زەویوزارەکانیان، دەکوژرێن”.

تیمی کوردستانی ڕێکخراوی (CPT) لە ڕاپۆرتەکەیاندا ئاشکرایانکرد، “تا ئێستا دانیشتوانی نزیکەی 100 گوند لە سنوری ناحیەی کانی ماسێ و دەوروبەری ئاوارەبوون و ترس و دڵەڕاوکێ لە نێوان دانیشتوانی دەیان گوندی دیکە بڵاوبۆتەوە، چونکە ئەوەی سوپای تورکیا دەیکات داگیرکردنی ناوچەکە و دروستکردنی شوێنێکە وەک ناوچەی ئارام لە نێوان تورکیا و ئێران و عێراقدا”.

ڕاپۆرتی ڕێکخراوەکە ئاماژە بەوەدەکات، “سوپای تورکیا لە مانگی نیسانی ئەمساڵەوە، چەندین بارەگای لە ناوچەکانی نزیک ئاڤاشین و ناحیەی کانی ماسێ دروستکردووە و لەگەڵ دروستکردنی بارەگاکاندا، جوڵە و ژیانی دانیشتوانی گوندەکانی قەدەغەکردووە”.

ڕاپۆرتەکە دەڵێت، “زیانی گەورە بەر چەندین ماڵی گوندنیشینانی نزیک هێرشەکانی تورکیا کەوتووە و هاوکات لە بۆردوومانی ناوچەی مسکێدا، کەنیسەیەک بۆردومان کراوە”.

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share