ئەمڕۆ 77 ساڵ بەسەر لەدایکبوونی خانمی دیاری کوردستان، هێرۆ ئیبراهیم ئەحمەد تێدەپەڕێت.
هێرۆ ئیبراهیم ئەحمەد، ناسراو بە دادە هێرۆ لە 12ی حوزەیرانی 1948 لە خێزانێکی نیشتمانپەروەر و رۆشنبیر لە سلێمانی لەدایکبووە.
لەکاتی لەدایکبوونیدا، مامۆستا ئیبراهیم ئەحمەدی باوکی ئاهەنگی گێڕاوە.
دادە هێرۆی پێشمەرگە، هاوژینی سەرۆک مام جەلال بە کامێراکەی خۆی لە شاخ رووداوەکانی هێرش و پەلامارەکانی ئەوکاتەی دژ بە کورد و چالاکى و نەبەردییەکانى پێشمەرگەى تۆمارکردووە و نیشانی جیهانی داوە، لەو بوارەدا خاوەنی ئەرشیفێکی گەورەیە.
لەدواى راپەڕینیش خاتوو هێرۆ لە بووژاندنەوەی کەلتوور و پارێزگاریکردن لە شوێنە کەلتووری و مێژووییەکان، دەستی هەبووە، خزمەتی هونەر و میدیا و منداڵانی کردووە تەلەفزیۆنی خاك و کوردساتی دامەزراندووە، هەروەها رێکخراوى منداڵپارێزی کوردستانی دامەزراندووە کە لە رێیەوە خزمەتى جۆراوجۆر پێشکەش بە منداڵان کراوە.
بۆ لاوان و گەنجانیش سەنتەری گەنجانی دامەزراندووە و پاڵپشتیی چالاکییەکانی کردووە و پشتیوانیی گەنجانى خاوەن ئەزموون و لێهاتوویی کردووە.
هەروەها بە گرنگییەوە لە مۆزەخانە و کەلتوورى رووانیوە و وەک سیمبول و پێناسەی نەتەوەکەی سەیر کردووە و، دیارترین کاریشى لەو بوارەدا دامەزراندنى مۆزەخانەی ئەمنە سوورەکەیە، سەرەڕاى گرنگیپێدانى بە مۆزەخانەى سلێمانى و رۆڵى لە پاراستنى پارچە شوێنەوارى و کەلەپوور و کەلتوورییەکان.