جێگری وەزیری دەرەوەی ئێران گەشبینی لەبارەی وتوێژەكانی ڤیەننا دەربارەی بەرنامەی ئەتۆمی وڵاتەكەی نیشاندەدات، وەزارەتی دەرەوەی ئەڵمانیاش دەڵێت، پرسە زیندووەكانی گفتوگۆكان تائێستا چارەسەر نەبوون.
تائێستا چەند گەڕێكی وتوێژەكانی وڵاتانی ئەوروپا و ئەمریكا لەگەڵ ئێران لەبارەی ڕێككەوتنی ئەتۆمی لە ڤیەننا بەڕێوەچوون، ئەنجامەكانی بەلای بەرپرسانی تارانەوە ئەرێنین، وڵاتانی ڕۆژئاواش چاویان لە هەنگاوی زیاترە.
عەباس عراقچی، جێگری وەزیری دەرەوەی ئێران ڕایگەیاند، وتوێژەكان لە خاڵی گەیشتن بە ڕێككەوتن دوورنییە.
وتیشی، “هەلێكی چەند ڕۆژە لە بەردەم هەموواندایە بۆ گەڕانەوە بۆ پایتەختەكان بەمەبەستی تاوتوێكردنی ئەو پرسانەی تائێستا جێی ناكۆكین بۆ تاوتوێكردنی پێشنیاری چارەسەر”.
گفتوگۆی زۆر لەسەر پرسە سەرەكییە جێناكۆكەكان كران، چارەسەر بۆ هەر یەكێكیان هەیە، بەڵام پێویستی بە چاوپیاخشاندن و هەڵبژاردنی باشترینیان هەیە، هەندێك پرس هەن ناكرێت سازشی لەسەر بكرێت و پێویستە هەمووان لێی تێبگەن، عەباس عراقچی وادەڵێت.
ئاماژەی بەوەشكرد، “درێژە بە وتوێژەكان دەدەین تا دەگەینە ئەنجامی پەسەندكراو”.
لای خۆیەوە ئەمڕۆ پێنجشەممە وەزارەتی دەرەوەی ئەڵمانیا ڕایگەیاند، وتوێژەكانی ڤیەننا لەگەڵ ئێران چڕوپڕن، بەڵام ناكرێت پێشبینی كاتی سەركەوتنی بكرێت.
وتیشی، “پرسە زیندووەكانی وتوێژەكان تائێستا چارەسەر نەكراون”.
وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكاش ئاشكرایكرد، شاندی وڵاتەكەی بۆ وتوێژەكان هەفتەی داهاتوو دەگەڕێتەوە بۆ واشنتن بەمەبەستی پرس و ڕاوێژ.
شاندی واشنتن دوپاتیكردەوە، هەندێك پێشكەوتن هاتونەتەدی “بەڵام پێویستمان بە كاتی زیاترە”، ئاماژەی بەوەشكرد دانوستانەكان ئاسان و خێرا نابن.
ئینریكی مۆرا، ڕێكخەری ئەوروپا بۆ وتوێژەكانی ڤیەننا باسی لەوەكرد كە هیچ دەقێكی كۆتایی تایبەت بە ڕێككەوتن لەگەڵ ئێران لەئارادانییە، بەڵام پێشبینی خۆی نیشاندا بەوەی لە گەڕی داهاتوودا بگەنە ڕێككەوتن.
لە سەرەتای نیسانی ڕابردووەوە كۆمەڵەی 4+1 (بەریتانیا، ئەڵمانیا، فەڕەنسا و ڕوسیا، لەگەڵ چین) و ئێران، بە بەشداری ناڕاستەوخۆی ئەمریكا لە وتویژدان بەمەبەستی سەرلەنوێ زیندوكردنەوەی ڕێككەوتنە ئەتۆمییەكەی ساڵی 2016.
س: ئاژانسەكان