یەكێتیی ئەوروپا رێگری لە كاركردنی ژنان لەلایەن تاڵیبانەوە ئیدانەدەكات

یەكێتیی ئەوروپا قەدەغەكردنی كاركردنی ژنان لە رێكخراوە ناحكومییەكان لە ئەفغانستان لەلایەن تاڵیبانەوە ئیدانەدەكات و دەڵێت، هەڵسەنگاندن بۆ لێكەوتەكانی لەسەر پرسی پێشكەشكردنی هاوكاری بۆ وڵاتەكە دەكات.

وتەبێژ بەناوی جۆزیف بۆریل، بەرپرسی كاروباری دەرەوەی یەكێتیی ئەوروپا رایگەیاند، یەكێتییەكە بڕیارەكەی ئەمدواییەی تاڵیبان ئیدانەدەكات لەبارەی قەدەغەكردنی كاركردنی ژنان لە رێكخراوە ناحكومییە ناوخۆیی و نێودەوڵەتییەكاندا.

وتیشی، “هەڵسەنگاندن بۆ رەوشەكە و كاریگەرییەكەی لەسەر پێشكەشكردنی هاوكارییە مەیدانییەكانمان دەكەین”.

وتەبێژەكە ئەوەشی خستەڕوو، قەدەغەكردنی كاركردنی ژنان لە رێكخراوە ناحكومییەكاندا “كۆتوبەندێكی دڵڕەقانەی دیكەیە” بۆسەر توانای ژنان لە ئەفغانستان بۆ ئەنجامدانی ماف و ئازادییە بنەڕەتییەكانیان، پێشێلكردنێكی روونی بنەما مرۆییەكانیشە.

بەمدواییە تاڵیبان ژمارەیەك بڕیاری دەرهەق بە ژنان دەركرد، دواترینەكانیان پەیوەست بوو بە خوێندن لە زانكۆ و گەشتی ئاسمانی.

سێشەممەی رابردوو نەدا محەمەد نەدیم وەزیری خوێندنی باڵای تاڵیبان لە پەیامێكدا بۆ زانكۆ حكومی و تایبەتەكانی وڵاتەكەی وەستاندنی خوێندنی كچ و ژنانی تا كاتێكی نادیار راگەیاند.

دواتریش وەزیرە ئەفغانییەكە هۆكارەكەی بۆ “رێزنەگرتن لە بنەماكانی پۆشین” گەڕاندەوە.

سەبارەت بەو بڕیارانەش ئەمیندارێتیی گشتی دەستەی گەورە زانایانی سعودیە داوای لە بزوتنەوەی تاڵیبان كرد، پاشەكشە لە بڕیارەكەی بكات لەبارەی رێگریكردن لە خوێندنی كچان لە زانكۆكاندا و رایگەیاند، “رێگریكردن لە خوێندنی ژن، لە شەریعەتی ئیسلامدا رێگەپێنەدراوە”.

بابەتی پەیوەندیدار
زیاتر ببینە

مـ.ـەسعود پـ.ـزیشكیان: پابەندی ئاگربەست دەبین بەو مەرجەی ئـ.ـیسرائیلیش پابەندبێت

مـ.ـەسعود پـ.ـزیشكیان سەرۆك كۆماری ئـ.ـێران رایدەگەیەنێت، ئامادەین بۆ گفتوگۆ و بەرگرییكردن لە مافەكانمان لەسەر مێزی دانوستان. راشیگەیاند، پابەندی…
Total
0
Share