بینیت.. خوێندكارەكەی نەتەنیاهۆ نزیكە لە جێگرتنەوەی

نەتەنیاهۆ و بینیت

سەركردەی ڕاستڕەوی توندڕەوی ئیسرائیل، نفتالی بینیت (49 ساڵ)ی ملیۆنێر و سەرمایەداری پێشوو لە بواری تەكنەلۆجیا، خەریكە خۆی لە گۆڕەپانی سیاسیدا جێگیردەكات و دەبێتە شوێنگەرەوەی بنیامین نەتەنیاهۆ سەرۆك وەزیرانی ئێستا، لەكاتێكدا پێشتر “خوێندكاری بوو”.

بینیت، ڕێككەوتنێكی لەگەڵ یائیر لبید، سەركردەی ئۆپۆزسیۆنی ناوەند كرد بۆ پێكهێنانی هاوپەیمانیی حكومی، كە بە نۆرە سەرۆكایەتیی وەزیران بگرنەدەست، بەومەرجەی ڕۆڵی ملیۆنێرەكە لە سەرەتادا بێت.

بینیت خاوەن وتارێكی ئاینیی توندە و سەرۆكایەتی پارتی (یمینا) دەكات، كە لایەنگری خێوەتگا جولەكەنشینەكان دەكات و لەگەڵ ئەوەیە چەند بەشێكی بەری خۆرئاوا بخرێتە سەر ئیسرائیل، هەروەك بانگەشە و داوای سیاسەتێكی توند بەرامبەر ئێران دەكات.

ئەگەر بینیت و هاوبەشەكانی سەركەوتووبن لە پێكهێنانی هاوپەیمانیی حكومی و لەماوەی هەفتەیەكدا متمانەی كنیست بەدەستبهێنن، ئەوكات دەبێتە یەكەم سەركردەی پارتێكی ڕاستڕەوی ئاینیی توندڕەو لەمێژووی ئیسرائیلدا سەرۆكایەتیی حكومەت بگرێتەئەستۆ، پاش ئەوەی لە ڕابردوودا پێنج پۆستی وەزاری لەدەستدابووە، لەنێویاندا وەزارەتی بەرگری لە ساڵی 2020دا.

بینیت، كە بە ئینگلیزیی شێوە ئاخاوتنی ئەمریكی قسەدەكات، بەردەوام كڵاوی تایبەتی جووەكانی لەسەردایە و خوێندكاری نەتەنیاهۆ بووە، تائێستاش هاوبۆچوونیەتی، بەڵام ڕەخنەی لە شێوازی بەڕێوەبردنەكەی هەیە.

سەرەڕای ئەنجامە تاڕادەیەك لاوازەكەی حزبەكەی لە هەڵبژاردنەكانی ئەمدواییەدا، كە لە ئازاری 2021 لە ئیسرائیل بەڕێوەچوو، لە چەند هەفتەی ڕابردوودا بینیت توانی ببێتە كەسی یەكلاكەرەوە لە وتوێژەكانی پێكهێنانی هاوپەیمانیی حكومی.

ئەو دەڵێت، شارەزاییەكەی ڕێگەی بۆ خۆشدەكات تا ببێتە ئەو كەسەی چارەسەری ئابوریی ئیسرائیل بكات پاش ئەو ئالنگارییانەی بەهۆی كۆڤید-19وە تووشی هاتووە، لە هەڵمەتەكانی بانگەشەی هەڵبژاردندا پێشنیاری نمونەی چارەسەری سەنگافورەی خستەڕوو، وتی، دەیەوێت باج داببەزێنێت و بیرۆكراسیەت (ڕۆتین) كەمبكاتەوە.

شەوی ڕابردوو یائیر لبید ڕایگەیاند، سەرۆكی ئیسرائیلی ئاگاداركردووەتەوە لەوەی توانیویانە دەنگی پێویست كۆبكەنەوە بۆ پێكهێنانی كابینەی حكومەت، بەر لە كۆتاییهاتنی ماوەی دیاریكراو بە نزیكەی نیو كاتژمێر.

هاوپەیمانییەكەی نێوان لبید و بینیت، چەند پارتێكی دیكەی بچوك و ناوەندیش لەخۆدەگرێت، لەنێویشیاندا بۆ یەكەمجار لە مێژووی ئیسرائیلدا پارتی نوێنەرانی كەمینەی عەرەب هەیە، كە 21%ی دانیشتووانی ئیسرائیل پێكدەهێنن.

بینیت كێیە؟
بینیت، كە سەربازێكی پێشووی هێزە تایبەتەكانە، لە 25ی ئازاری 1972 لە دایك و باوكێكی لەدایكبووی ویلایەتە یەكگرتووەكان لەدایكبووە، لەگەڵ گالیت-ی هاوسەری و چوار منداڵ لە شاری رعنانای ناوەڕاستی ئیسرائیل دەژی.

دوای فرۆشتنی كۆمپانیاكەی لە بواری تەكنەلۆجیا بەرامبەر 145 ملیۆن دۆلار لە ساڵی 2005دا، چووەتە ناوی بواری سیاسەت و ساڵی دواتر بووەتە سەرۆكی نوسینگەی نەتەنیاهۆ، كە ئەوكات ئۆپۆزسیۆن بوو.

بینیت لە ساڵی 2012دا شۆڕشی لە سیاسەتەدا بەرپاكرد، كاتێك سەرۆكایەتیی پارتی بەیتی یەهودیی ڕاستڕەوی توندڕەوی گرتەدەست و لە بەردەم ئەگەری لەدەستدانی سەرجەم كورسییەكانی پەرلەماندا بوو، بەڵام سەركەوتنی بەدەستهێنا لە بەهێزكردنی پێگەی پەرلەمانی بە چوار هێندە، دوای ئەوەی زنجیرەیەك لێدوانی ئاگرینی دەربارەی ململانێكان لەگەڵ فەڵەستین دا.

بابەتی پێشتر

وەزیری دارایی عێراق لە پەرلەمان یاخی دەبێت

بابەتی دواتر

قوباد تاڵەبانی: بەمنزیكانە هیچ بەربەستێك نامێنێت بۆ ناردنی بودجەی هەرێم

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share