پەرلەمانی كوردستان لیژنەیەكی لەسەر زیادەڕۆیی بۆسەر موڵكی گشتی پێكهێنا

سەرۆكی لیژنەی شارەوانی و گواستنەوەی پەرلەمانی كوردستان ئاشكرایدەكات، لیژنەیەكیان پێكهێناوە بۆ بەدواداچوونی ئەو زیادەڕۆییانەی كراونەتە سەر موڵكی گشتی، “هەر بەرپرس و وەبەرهێنەرێك زیادەڕۆیی كردبێت، ڕێكاری پەرلەمانی بەرامبەر دەگیرێتەبەر”.

لوقمان وەردی، سەرۆكی لیژنەی شارەوانی و گواستنەوە لەپەرلەمانی كوردستان بەتۆڕی میدیایی ئێستای ڕاگەیاند، “دوای ئەوەی ژمارەیەك پەرلەمانتار لە دانیشتنەكانی پەرلەماندا باسیانلەوەدكرد، زیادەڕۆیی كراوەتە سەر موڵكی گشتی، لە كۆبونەوەیەكی لیژنەی شارەوانی و گواستنەوەدا لیژنەیەكمان پێكهێنا بۆ بەدواداچون لەسەر ئەو زیادەڕۆییانەی كراونەتە سەر موڵكی گشتی لە تەواوی شارو شارۆچكەكاندا”.

وتیشی، لیژنەكە پێكدێت لە تەواوی فراكسیۆنە جیاوازەكان و ڕۆژی یەكشەممەی داهاتوو دەستبەكارەكانی دەكات.

وەردی ڕونیشیكردەوە، “بەدواداچوون بۆ هەموو ئەو بابەتانە دەكەین، كە تایبەتە بە پرسی زەوی، چونكە لە تەواوی شار و شارۆچكەكان زیادەڕۆی كراوەتە سەر موڵكی گشتی، ئێمەش هەوڵی جدی دەدەین بەدواداچون لەسەر ئەو پرسە بكەین، بەشێك لە زیادەڕۆییەكانیش پەیوەندیداران بە پڕۆژەكانی وەبەرهێنان، كە لەلایەن شارەوانییەوە زەوییان بۆ تەرخانكراوە، بەشێكی دیكەشیان، لەلایەن بەرپرسان و خەڵكی دەستڕۆیشتوو بووە، تەنانەت بەشێك لە هاوڵاتیانیش زیادەڕۆییان كردووەتە سەر موڵكی گشتی”.

“هەر پەرلەمانتار و هاوڵاتییەك زانیاری دروستی لەسەر زیادەڕۆیی بۆسەر موڵكی گشتی هەیە، ڕادەستی لیژنەكەی بكات”

سەرۆكی لیژنەی شارەوانی و گواستنەوەی پەرلەمانی كوردستان باسیلەوەشكرد، “بەبێ جیاوازی داوامان لەو پەرلەمانتارانە كردووە، زانیاری ڕادەستی لیژنەكە بكەن، لەهەمانكاتیشدا ئەگەر هاوڵاتیان زانیاریی دروستیان لابێت، دەتوانن بیدەنە لیژنەكە بۆ ئەوەی بتوانین بەدواداچوونی وردبكەین و هەموو ڕێكارێكی پەرلەمانی بگرینەبەر تا پارێزگاری لە موڵكی گشتی بكەین”.

دەربارەی ئەوەی دوای بەدواداچونەكان هەنگاوەكانیان چی دەبێت، لوقمان وەردی جەختی لەوەكردەوە، “ئەنجام و داتاكان بە ڕاپۆرتێك ئاڕاستەی دەستەی سەرۆكایەتیی پەرلەمان دەكەین، هەموو ڕێكارێكی پەرلەمانییش دەگرینەبەر بۆ ئەوەی كۆتایی بەم داگیركاری و تاڵانكارییەی سەر موڵكی گشتی بێت، ئەو پرۆژانەی وەبەرهێنان زیادەڕۆییان كردووە، دەبێت ڕێكاری یاساییان لەدژ بگیرێتەبەر و سزابدرێن”.

“هەر بەرپرس و وەبەرهێنەرێك زیادەڕۆیی كردبێت ڕێكاری پەرلەمانی لەدژ دەگرینەبەر”

دەربارەی ئەوەی زیادەڕۆییەكان زیاتر چۆن كراون وەردی دەڵێت، “لە شوێنی ستراتیژیی شار زەوی دراوتە كۆمپانیای وەبەرهێنان بەهەرناوێك پرۆژەی لەسەر جێبەجێبكات، هەیە دوای 10 ساڵ نەیكردووە بە پرۆژە، یاخود فرۆشتوویەتیەوە، یان ڕەگەزی زەوی گۆڕاوە و بە نایاسایی كراوەتە پرۆژە، جگە لەوانەش بە چەندین شێوەی دیكە زیادەڕۆییكردن هەبووە، زانیارییمان لەبەردەستە و بەدواداچوونی لەسەر دەكەین، ئەگەر لایەنی پەیوەندیدار كە حكومەتە، لێپێچینەوەی نەكرد، ئەوكات لە ڕێگای داواكاری گشتی و دادگا سكاڵا تۆمار دەكەین، بۆیە هەر بەرپرسێك چاوپۆشی كردبێت، یان بەرپرسێك زیادەڕۆیی كردبێت، ڕێكاری پەرلەمانی لەدژ دەگرینەبەر”.

بابەتی پێشتر

ئێران و ئەفریقای ناوەند مافی دەنگدان لە نەتەوە یەكگرتووەكان لەدەستدەدەن

بابەتی دواتر

سەمیر هەورامی: لەسەر جێبەجێكردنی یاسای بودجە لێكتێگەیشتنی باش لەنێوان هەولێر و بەغداد هەیە

بابەتی پەیوەندیدار
زیاتر ببینە

سبەینێ خۆڵبارینە

کەشناسیی هەرێمی کوردستان کەشوهەوای ئەمڕۆ و سبەینێی بڵاوکردەوە و پێشبینیی ئەگەری بوونی تۆزێکی سووک لە سبەینێوە لە کەشدا…
Total
0
Share