نەخۆشخانەی هیوا: ئەگەر کێشەی دەرمان چارەسەر نەکرێت، هەموو کەرتی تەندروستی تووشی کێشە دەبێت

دکتۆر یاد نەقشبەندیی بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی هیوا ڕایگەیاند، لەئێستادا کێشەی دەرمان لە نەخۆشخانەكە دروستبووە، ئەگەر گرفتە سەرەكییەكەی دەرمانیش چارەسەر نەکرێت، هەموو کەرتی تەندروستی دەگرێتەوە و پریشکەکەی بەر هەمووی دەکەوێت.

لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا، دکتۆر یاد نەقشبەندی بەبۆنەی ڕۆژی جیهانیی منداڵانەوە پیرۆزبایی لە منداڵانی توشبووی شێرپەنجە کرد و ڕایگەیاند، “لەبەشی منداڵانی نەخۆشخانەی هیوا چارەسەر و خزمەتگوزاری پێشکەش بە منداڵانی سەرجەم پارێزگاکان دەکرێت، لەگەڵ ئەوەشدا کارمەندان و پزیشکانی ئەو بەشە ماوەی شەش مانگە هیچ موچە و شایستەیەکیان وەرنەگرتووە”.

نەقشبەندی ئاماژەی بە بوونی کێشە لە دابینکردنی دەرمان کرد لە نەخۆشخانەی هیوا و دەڵێت، “کێشەی دەرمان پەیوەندیی بەو کۆمپانیایانەوە هەیە، کە دەرمان دابیندەکەن، ئەوەش لەبەرئەوەی بەپێی بڕیاری حکومەتی هەرێم %2ی پارە بۆ کۆمپانیاکان خەرج دەکرێت و بەوەش بە پەنجا مانگ شایستەکانیان دەدرێتێ”.

بەپێی وتەی بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی هیوا، ئەگەر بە پارەی کۆکراوەی نەخۆشخانەكە، یان پارەی نەخۆشەکان خۆشیان بیانەوێت دەرمان بکڕن، کۆمپانیاکانی دەرمان پێیان نافرۆشن.

“لەلایەن وەزیری دارایی حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە بەڵێنمان پێدراوە دوای گەڕانەوەی شاندی حکومەت لە بەغداد کێشەی دەرمان چارەسەربکرێت”، دکتۆر یاد نەقشبەندی وایوت.

سەبارەت بە ژمارەی تووشبووانی شێرپەنجە لەمساڵدا، دکتۆر یاد نەقشبەندی وتی، “ئامارەکان بەردەوام بەرزدەبنەوە، تەنها لە پێنج مانگی ئەمساڵدا هەزار و 31 توشبووی نوێی شێرپەنجە لە نەخۆشخانەکەمان تۆمارکراون، لەو ژمارەیە 76یان تەمەنی خوار 18 ساڵن، کە بەپێی پێوەرەکانی ئێمە بە منداڵ دانراون و دەکاتە %7ی کۆی توشبووانی شێرپەنجە لە پێنج مانگی یەکەمی ئەمساڵدا”.

ئەو ژمارە توشبووەی شێرپەنجە كە لە 2021/1/1ی ئەمساڵەوە تۆمارکراوە، %80ی لە پارێزگای سلێمانی بووە و %9ی پارێزگاکانی دیکەی هەرێم و %11ی لە پارێزگاکانی ناوەڕاست و خوارووی عێراقەوە هاتوون.

وتیشی، “ساڵی 2020 ناکرێت بە پێوەر بۆ هەڵسەنگاندنی ئامارەکان، بەڵام چونکە بەهۆی کۆرۆناوە نەمانتوانیوە لە هەموو شوێنەکانەوە توشبوو وەربگرین، یان بەتەواوی توشبووەکان دەستنیشان بکەین، ئەمە لە جیهاندا بەوجۆرە بووە لە ساڵی ڕابردوودا، لەگەڵ ئەوەشدا لە ساڵی 2020دا دوو هەزار و 200 توشبوو تۆمارکراون، بەڵام تەنها لە پێنج مانگی ئەمساڵدا هەزار و 30 توشبووی نوێ تۆمارکراون”.

بابەتی پێشتر

بەهۆی شۆرتێکی کارەباوە لەناو تونێلی دەربەندیخان، کارەبای شارەزوور کەمبووەتەوە

بابەتی دواتر

دیوانی چاودێریی دارایی هەرێم و بەغداد میکانیزمی هەماهەنگیی هاوبەشیان واژووکرد

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share