لە کوێ دەکرێت؟ مافی ڕێکخستنی کۆپا ئەمریکا لە ئەرجەنتین وەرگیرایەوە

فیدراسیۆنی تۆپی پێی ئەمریکای باشوور (کۆنمیبول) مافی ڕێکخستنی کۆپا ئەمریکای لە وڵاتی ئەرجەنتین وەرگرتەوە و بەم نزیکانە بڕیار لەبارەی پاڵەوانێتییەکە دەدرێت.

بڕیاربوو کۆپا ئەمریکای ساڵی 2020 ئەنجامبدرێت، بەڵام بەهۆی تەشەنەکردنی ڤایرۆسی کۆرۆنا بە جیهان و بەتایبەت ئەمریکای لاتین، پاڵەوانێتییە مێژووییەکە بۆ 13ی حوزەیرانی 2021 دواخرا، بڕیاریشبوو وڵاتانی کۆڵۆمبیا و ئەرجەنتین بە هاوبەشی پاڵەوانێتییەکە سازبکەن.

10 ڕۆژ لەمەوبەر بەهۆی کێشەی سیاسی و خۆپیشاندانەکانەوە “کۆنمیبوڵ” مافی ڕیکخستنی کۆپا ئەمریکای لە کۆڵۆمبیا وەرگرتەوە، بەرەبەیانیی ئەمڕۆش بەهۆی زیادبوونی حاڵەتەکانی توشبوون بە کۆرۆنا ئەو مافە لە ئەرجەنتینیش سەندرایەوە.

لەو بارەیەوە کۆنمیبوڵ لە ڕاگەیاندراوێکدا دەڵێت، “وەک کاردانەوەیەک بەرامبەر ئەو بارودۆخەی ڕوویداوە، بڕیارماندا بە هەڵپەساردنی کۆپا ئەمریکا و سازنەکردنی لە ئەرجەنتین، خوێندنەوە بۆ بارودۆخی ئەو وڵاتانە دەکەین، کە خواستیان لەسەر ڕێکخستنی پاڵەوانێتییەکەیە و بەم نزیکانە بڕیاری کۆتایی دەدەین”.

فیدراسیۆنی تۆپی پێی ئەمریکای لاتین لە 10 فیدراسیۆنی وڵاتانی ئەمریکای باشوور پێکهاتووە، بڕیارە بەرەبەیانی سێشەممە و دوای کۆبوونەوەی فیدراسیۆنەکە بڕیاربدرێت پاڵەوانێتییەکە لە یەکێک یاخود دوو وڵاتی دیکەی کیشوەرەکە ئەنجامبدرێت، هەروەها ئەگەرێکیش هەیە بۆ هەڵپەساردن، یاخود هەڵوەشاندنەوەی کۆپا ئەمریکای 2021.

بابەتی پێشتر

قسەی نوێی ئەدهەم بارزانی لەبارەی جێهێشتنی هەرێمی كوردستان

بابەتی دواتر

توخێل بە (200 بۆ 250) ملیۆنەوە دەگەڕێتەوە بۆ بازاڕی گواستنەوەکان

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share