بریکاری وەزارەتی پلاندانان ئاشکرایکرد، وەک لیژنەی باڵای دیدگای 2030 کۆبوونەتەوە و ڕەشنوسی پلانەکە بۆ 9 ساڵی ئایندە نوسراوەتەوە و دیراسە دەکرێت.
زاگرۆس فەتاح، بریکاری وەزیری پلاندان ڕایگەیاندووە، ” ئەمڕۆ وەک لیژنەی باڵای دیدگای 2030 لە وەزارەتی پلاندانان کۆبووینەوە، کۆبوونەوەکە بە ئامادەبوونی بریکاری وەزارەتەکانی (بازرگانی و پیشەسازی، تەندروستی و پەروەردە) و بەڕێوەبەری گشتی پلانی ستراتیژی وەزارەتمان بەڕێوەچوو”.
بە وتەی بریکاری وەزارەتی پلاندان، “لە ساڵی پارەوە وەزارەتی پلاندانان بە هەماهەنگی لەگەڵ وەزارەتە پەیوەندیدارەکان لە ڕێگەی دوو لیژنەوە (لیژنەی جێبەجیکار و لیژنەی باڵا) سەرقاڵی ئامادەکردنی دیدگای2030 ی هەرێمی کوردستانە، لە ئێستادا ڕەشنووسی دیدگای 2030 مان ئامادە کردووە و لە لایەن لیژنەی باڵاوە دیراسە دەکرێت تا پێشنیار و تێبینیەکانی تێدا جێبکرێتەوە”.
زاگرۆس فەتاح لەبارەی ڕەشنوسی پلانەکەوە ڕاشیگەیاندووە، ” ئەم ڕەشنووسە جگە لە لایەنی حکوومی، هاوکات ڕێکخراوە نا حکومیەکانی هەرێمی کوردستان ڕۆڵیان هەبووە و ڕاو سەرنجی ئەوانیشی تێدا جێکراوەتەوە”.
بڕیارە ڕۆژی دووی مانگی داهاتوو وۆرکشۆپێک سازبکرێت بۆ دەوڵەمەندکردنی ڕەشنووسەکە، کە تێیدا زانکۆکان و کۆمەڵێک ڕێکخراو و ئاژانسیتر بەشدار دەبن “.
وەک ڕاگەیاندنی وەزارەتی پلاندانان ئاشکرایکردووە، “ئەم دیدگایە گشتگیر دەبێت و پلان و ئامانجەکانی حکوومەت بۆ ١٠ ساڵی داهاتوو لە سێکتەرە جیاوازەکان لە خۆ دەگرێت و نەخشەڕێگای گەشتن بە ئامانجە ستراتیجیەکان ڕووندەکاتەوە “.