گۆڕینی جۆری هێرشی میلیشیاكانی نزیك لە ئێران، لە موشەكەوە بۆ بەكارهێنانی فڕۆكەی بێفڕۆكەوان، نیگەرانیی بەرپرسانی سەربازیی ئەمریكای دروستكردووە.
ڕۆژنامەی واشنتن پۆست ڕاپۆرتێكی لەبارەی جموجوڵ و هێرشەكانی گروپە چەكدارییەكانی نزیك لە ئێران بڵاوكردووەتەوە و ئاشكرایدەكات، ئەو هێرشەی لە مانگی نیسانی ڕابردوو لەڕێی فڕۆكەیەكی بێفڕۆكەوانەوە كرایەسەر فڕۆكەخانەی هەولێر، عەمبارێكی فڕۆكەكانی سەر بە ئاژانسی هەواڵگریی ناوەندیی ئەمریكا (CIA) كردووەتە ئامانج.
لەسەر زاری بەرپرسانی ئاگاداریشەوە ڕوونیكردوەتەوە، شوێنپێكەوتن بۆ گەشتی فڕۆكە بێفڕۆكەوانەكە تا دووری 10 میل كراوە، بەڵام ئاراستەكەی لەدەستدراوە كاتێك گوازراوەتەوە بۆ ئاراستەی فڕۆكەوانیی مەدەنی.
بەرپرسانی سەربازی و دیپلۆماسی دەڵێن، لەبری موشەك، میلیشیاكان هەندێكجار فڕۆكەی بێفڕۆكەوانی بچوك و باڵ جێگیر بەكاردەهێنن، كە لە ئاستێكی زۆر نزم دەفڕن، بەجۆرێك سیستمەكانی بەرگری ناتوانن ئاشكرایان بكەن.
بەرپرسێكی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی ڕایگەیاندووە، زیادبوونی هەڕەشەی فڕۆكە بێفڕۆكەوانەكان گەورەترین سەرچاوەی نیگەرانییە بۆ ئەركە سەربازییەكانیان لە عێراق.
ڕوونیشیكردوەتەوە، چەند پارچەیەكی فڕۆكەكە (ئەوەی هێرشەكەی سەر فڕۆكەخانەی هەولێری پێئەنجامدراوە)، دۆزراوەتەوە و بەپێی شیكردنەوە سەرەتاییەكان دەركەوتووە دروستكراوی ئێرانە.
سەرەڕای ئەوەی لە هێرشەكەدا زیانی گیانیی نەبووە، بەڵام بووەتە شەوێكی درێژ بۆ ئاڵوگۆڕی ڕا و بۆچوونەكان، وەك ئەوەی بەرپرسانی ڕۆژئاوا ئاماژەیان پێداوە.
بەپێی ڕاپۆرتی ڕۆژنامەكە، هەندێك لە بەرپرسانی ئەمریكی داوایانكردووە بیر لە وەڵامی سەربازی بكرێتەوە، كە لەنێو بەرپرساندا برێت مەكگۆرك ڕێكخەری ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوەیی بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باكووری ئەفریقا هەیە، وەك ئەوەی دوو كەسی ئاگادار باسیان لێوەكردووە، بەڵام لە كۆتاییدا ئیدارەی ئەمریكا بە سەرۆكایەتیی بایدن بڕیاریداوە هیچ كارێكی سەربازی لەبەرامبەر هێرشەكەی سەر فڕۆكەخانەی هەولێر ئەنجام نەدرێت.
هێرشێكی هاوشێوە بە فڕۆكەی بێفڕۆكەوان لە مانگی ئایار بۆ سەر بنكەی عەین ئەسەدی ئاسمانی، جارێكی دیكە هەمان ترسی لای سەرانی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی هێنایە ئاراوە دەربارەی گۆڕانی پلانی میلیشیاكان.
پێشتر ئێران لە كانونی دووەمی 2020دا بنكەكەی كردە ئامانج، وەك وەڵامێك بۆ كوشتنی قاسم سولەیمانی لەلایەن هێزەكانی ئەمریكاوە، بەڵام ئەو هێرشە لەڕێی موشەكی بالیستییەوە بوو.
سەرەڕای ئەوەی ناكۆكییەكانی نێوان ئەمریكا و ئێران، لەوەتەی بایدن سەرۆكایەتیی وڵاتی گرتووەتە دەست، كەمبووەتەوە، بەڵام بەرپرسانی واشنتۆن نیگەرانن لەوەی هێرشەكان لە ئایندەدا ئەگەری گەڕێكی دیكەی توندوتیژیی نێوان هەردوولا بهێننە ئاراوە، بەتایبەت لەكاتێكدا كە گروپە پشتیوانكراوەكان لەلایەن ئێرانەوە، هەوڵ بۆ وەدەرنانی تەواوەتیی هێزەكانی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی دەدەن بۆ دەرەوەی عێراق.
لەسایەی نەبوونی سیستمێكی بەرگریی كاریگەر و هەڕەشەی فڕۆكە بێفڕۆكەوانەكان، ئەگەری بارگرژیی لەناكاو بەدوورنازانرێت، هەر هێرشێكی نوێش ژمارەیەك پەیوەندی بەدوای خۆیدا دەهێنێت، كە تیایدا بەرپرسانی ئەمریكی بەهۆیانەوە دەیانەوێت بزانن ئایا هیچ ئەمریكییەك كوژراوە یان برینداربووە؟
بەرپرسێكی ڕۆژئاوا، كە ناوی ئاشكرانەكراوە، بە ڕۆژنامەكەی ڕاگەیاندووە، “مردنی ئەمریكی هێڵی سوورە” و وتیشی، “پرسیاری یەكەم كە ئەمریكییەكان بەردەوام دەیكەن ئەوەیە، ڕەگەزنامەی قوربانییەكە چییە؟”.