چەند كۆبوونەوەیەك، كە پلاسخارت دوای هێرشی هەفتەی ڕابردووی سەر ناوچەی سەوز لەگەڵ ژمارەیەك لە بەرپرسانی سەربازیی حەشدی شەعبی ئەنجامیداوە، نیگەرانیی حكومیی لێدەكەوێتەوە و داوای ڕوونكردنەوە دەكەن.
ڕۆژنامەی شەرق لئەوسەت ئەمڕۆ یەكشەممە لەسەر زاری بەرپرسێكی باڵای عێراقەوە بڵاویكردەوە، جنین پلاسخارت، نێردەی تایبەتی نەتەوە یەكگرتووەكان بۆ عێراق، چەند دیدارێكی لەگەڵ ئەو بەرپرسە سەربازییانەدا ئەنجامداوە، كە پێشتر فەرمانی هەڵكوتانەسەر ناوچەی سەوزیان لە بەغداد دەركردووە بۆ ئازادكردنی لیوا قاسم موسڵیح سەركردەی حەشدی شەعبی.
بەرپرسەكە، كە ناوی ئاشكرانەكراوە، وتیشی، “دیدارەكانی ئەمدواییەی پلاسخارت بەبێ هەماهەنگی بوو لەگەڵ حكومەت، هەروەك ئەو گەورە بەرپرسە سەربازییانەی گرتووەتەوە، كە پەیوەندیی ڕاستەوخۆیان بە ڕووداوەكانی 26ی ئەم مانگەوە هەبووە”.
بەرەبەیانیی چوارشەممەی ڕابردوو 26ی ئایار، قاسم موسڵیح سەركردەی یەكێك لە لیواكانی حەشدی شەعبی لەلایەن هێزە ئەمنییەكانی عێراقەوە بە تۆمەتی پەیوەندیدار بە كوشتنی چالاكوانان دەستگیركرا، ئێوارەی هەمان ڕۆژ چەكدارانی حەشد بەمەبەستی ئازادكردنی هەڵیانكوتایە سەر ناوچەی سەوزی بەغداد.
بەرپرسە عێراقییەكە ئاماژەی بەوەشكرد، حكومەت داوای لە “سەرۆكی نوێنەرایەتیی نەتەوە یەكگرتووەكان كردووە شیكردنەوە لەبارەی ئەو چوارچێوە یاساییە بدات، كە لەسایەیدا دیدارەكان ئەنجامدراوە، بەتایبەت كە هاوكات بووە لەگەڵ ئەو ڕووداوانەی هەڕەشەبوون بۆسەر سەروەریی وڵات”.
لە چەند مانگی ڕابردووشدا پلاسخارت چەندین دیداری لەگەڵ بەرپرسانی عێراقی لە دەستەی حەشدی شەعبی ئەنجامداوە، ڕۆڵی هەبووە لە هاتنەدیی ئاگربەستی نێوان گروپە عێراقییەكان و هێزەكانی ئەمریكا لە تشرینی یەكەمی ساڵی ڕابردوو، ئەوكات نوێنەرایەتی نەتەوە یەكگرتووەكان بڵاویكردەوە، “بێلایەنی و سەربەخۆیی لە ترۆپكی ئەركە ڕاسپێردراوەكانی نەتەوە یەكگرتووەكاندایە (…) و مامەڵە لەگەڵ كۆمەڵێكی فراوان لە خاوەن پرسەكان دەكات لە هەوڵیدا بۆ هێنانەدیی ئاشتی”.