پێوەری زیرەکی کارەبا، چۆن کاردەکات و هاوڵاتییان دەبێت چۆن مامەڵەی لەگەڵ بکەن؟

بەستنی پێوەری زیرەکی کارەبا وردە وردە لە پارێزگای سلێمانی بەرەو تەواوبوون دەچێت، بەپێی ئەو پلانەی دانراوە، لەکاتی کارکردنی پێوەرەكەدا بڕی پێدانی کارەبا بە هاوڵاتییان لەڕووی ئەمپێرەوە كەمدەبێتەوە، بەڵام ئومێدی گەورەی پڕۆژەكە ئەوەیە، ماوەی پێدانی كارەبا بەهاوڵاتیان زیاد دەکات، هەروەها کۆتایی بە بارگرانی و سەرپێچیی لەسەر تۆڕی کارەبا دەهێنێت.

موزفەر تاڵب، بەڕێوبەری نوسینگەی سلێمانیی کۆمپانیای جێبەجێکار، بە تۆڕی میدیایی ئێستای ڕاگەیاند، “لە ئێستادا نزیکەی 230 هەزار پێوەری زیرەک لە سلێمانی و قەزا و ناحییە و ئیدارە سەربەخۆکان دانراون، تیمەکانمان بە هاوکاریی وەزارەتی کارەبا و هاوڵاتییان بەردەوامن لە بەستنی پێوەرەکان”.

پێوەرەکە چۆن کاردەکات؟

کۆمپانیای جێبەجێکاری بەستنی پێوەری زیرەک، دوو جۆر پێوەریان لەسەر تۆڕەکانی کارەبا بەستووە، یەکێک لە پێوەرەکان بۆ ماڵانە، کە سێ بۆ شەش ماڵ یەک پێوەریان بەردەکەوێت، پێوەری دووەم لە دەرەوەی کارەبای ماڵانە و لەسەر بگۆڕەكانی کارەبا (محاویلە) دادەنرێت، کە هەریەکێکیان هاوکاری دەکەن بۆ ڕێگری لە زۆر بەکارهێنانی کارەبا و سەرپێچیی سەر تۆڕەکان.

لە ئاگادارینامەیەکدا، کە بەڕێوبەرایەتیی کارەبای سلێمانی بۆ تۆڕی میدیایی ئێستای ناردووە، تێیدا هاتووە، ” ئاگاداریی ئەو هاوبەشانەی كارەبا دەكەینەوە، كە پێوەری زیرەكیان بۆ بەستراوە، ئەگەر وزەی كارەبای بەكارهاتوویان لە ئاستی دیاریكراو زیاتر بوو (كە تا ئێستا بەتەواوەتی دیارینەكراوە پێوەرەكان ڕێگە بە چەند ئەمپێر كارەبا دەدەن بچنە ماڵەكانەوە)، ئەوا وەكو ئاگاداركردنەوەیەك وزەی كارەبای ئەو هاوبەشە دەكوژێتەوە و دوای 150 چركە كارەباكەی بۆ دەگەڕێتەوە، ئەگەر لەماوەی 30 خولەكدا پێنج جار کوژاندنەوەی كارەبای لەسەریەك ڕوویدا، كارەبای هاوبەشەكە بۆ ماوەیەكی زیاتر دەبڕدرێت و دوای 45 خولەک كارەباكەی دەگەڕێتەوە”.

بۆیە بەڕێوبەرایەتیی کارەبای سلێمانی داوای لە هاوڵاتیان و هاوبەشان كردووە پابەندی ئەو ئەمپێرە كارەبایە بن، كە دیاریكراوە و ئەگەر لەماوەی 45 خولەک زیاتر كارەبا نەهاتەوە، ئەوكات سەردانی ناوەندەكانی چاككردنەوەی کارەبا (صیانە) بكەن”.

زەرەرمەندی یەکەمی پڕۆژەکە “سەرپێچیکارانن”

بەڕێوەبەری نوسینگەی سلێمانیی کۆمپانیای جێبەجێکاری پێوەری زیرەک دەڵێت، “ئەم پڕۆژەیە ڕاستەوخۆ سوود بە هاوڵاتییان و هاوبەشان دەگەیەنێت، بەوەی دادپەوەری لە دابەشکردنی کارەبادا دروستدەکات و کۆتایی بە هەڵلوشینی کارەبا دەهێنێت لەلایەن کەمینەیەکەوە”.

بە بڕوای بەڕێوەبەرایەتیی کارەبای سلێمانی و کۆمپانیای جێبەجێکار، ئەم پڕۆژەیە کۆتایی بەو سەرپێچییانە دەهێنێت، کە پێشتر پێیان دەوت “بەستنی کارەبا لە پشتی سەعاتەوە”، چونکە پێشتر سەرپێچیکاران بە ئاسانی دەیانتوانی لە پشتی “سەعاتی کارەبا”کەیانەوە کارەبا ڕابکێشن، بەڵام ئێستا ئەگەر لە تۆڕی سەرەکیش ڕایبکێشن، پێوەری دووەم ئاگاداری داتا سەنتەر دەکاتەوە کە سەرپێچی هەیە و بەڕێوەبەرایەتیی کارەبا دەتوانێت چارەسەری بکات.

پێوەرەکە دەبەسترێتەوە بە داتا سەنتەرێکەوە

لە پاش کەوتنەکاری پێوەرەکە، کۆی پێوەرەکان دەبەسترێن بە داتا سەنتەرێکەوە، کە لە بەڕێوەبەرایەتیی کارەبا لە پارێزگا و شارەکان بەڕێوەدەبرێت، پێوەرەکان لەبارەی ڕێژەی زۆر بەکارهێنانی کارەبا، یان سەرپێچی، زانیاری دەداتە سەنتەرەکە، دواتر لەلایەن سەنتەرەکەوە دەتوانرێت سەردانی شوێنەکە بکرێت، یان وەک ئاگادارکردنەوە، کارەباکەی ببڕێت.

بابەتی پێشتر

ڕیاڵ مەدرید کەی ناوی ڕاهێنەری نوێ ئاشکرادەکات؟

بابەتی دواتر

پاریس سان جێرمان لە ئەشرەف حەکیمی نزیکبووەتەوە

بابەتی پەیوەندیدار
زیاتر ببینە

بافڵ جەلال تاڵەبانی: هەر هەڤاڵ و كادر و ئەندامێكی یەكێتی توندوتیژیی بەرامبەر كچان و ژنان ئەنجامبدات ڕووبەڕووی یاسا دەكرێتەوە

بافڵ جەلال تاڵەبانی ڕایدەگەیەنێت، لە ھەڵمەتی 16 ڕۆژەی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژیی دژی ژنان هەنگاوێكی گرنگە بۆ ڕێزگرتنی خەباتی ژنان…
Total
0
Share