پۆلیسی هەولێر ڕایدەگەیەنێت، بەهۆی چەند ڕووداوێكی جیاجیاوە، لەماوەی سێ ڕۆژدا لەلایەن هێزەكانیانەوە 11 تۆمەتبار دەستگیركراون.
هۆگر عەزیز، وتەبێژی بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی پارێزگای هەولێر ئەمڕۆ شەممە لە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەنووسیدا ڕایگەیاند، لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا چەند ڕووداوێكی كوشتن لە هەولێر ڕوویاندا، هێزەكانی پۆلیس لە سێ ڕۆژدا 11 تۆمەتباریان دەستگیركرد.
وتیشی، سێ لە تاوانەكان لە هەولێر ڕوویانداوە و یەكێكیشیان لە بەغداد بووە.
لە 26ی ئەم مانگە لە گەڕەكی جیهان كەسێك بەناوی (دڵشاد ئەنوەر) لەلایەن دراوسێیەكیەوە بە چەقۆ كوژرا، هۆگر عەزیز ڕوونیكردەوە، لەسەر ئەو تاوانە چوار تۆمەتبار بەپێی ماددەی 406 لە یاسای سزادانی عێراقی دەستگیركراون.
ئاشكراشیكرد، ڕووداوی دووەم لە 27ی ئەم مانگە لە گەڕەكی ژین سەر بە ناحیەی دارەتوو بووە، گەنجێكی تەمەن 23 ساڵ بەناوی (پۆڵا یوسف) كوژرا و لەسەر تاوانەكەش تۆمەتبارێكی تەمەن 18 ساڵ دەستگیركراوە.
لە 28ی ئەم مانگەش لە گوندی كۆلەك سەر بە ناحیەی شاوێس، لەسەر كوشتنی گەنجێكی تەمەن 22 ساڵ، تۆمەتبارێكی تەمەن 56 ساڵ دەستگیركراوە، وەك ئەوەی وتەبێژی پۆلیس ئاماژەی پێدا.
باسی لەوەشكرد، لە 27ی ئەم مانگەش تۆمەتبارێك دەستگیركرا، كە لە 23ی مانگ لە بەغداد تاوانێكی كوشتنی ئەنجامداوە و ڕووی لە هەولێر كردووە بەمەبەستی خۆحەشاردان و دواتر هەڵهاتن بەرەو توركیا.
لە 28ی مانگیش تۆمەتبارێك، كە بەپێی ماددەی 405 فەرمانی دەستگیركردنی هەبوو، دەستگیركرا.
وتەبێژی پۆلیسی هەولێر ئەوەشی خستەڕوو، لەكاتێكدا هێزەكانیان ویستویانە تۆمەتبارێك دەستگیربكەن، تۆمەتبار بە نارنجۆك ڕوبەڕووی هێزەكانیان بووەتەوە، بەڵام سەرئەنجام دەستگیركراوە و دەستیش بەسەر نارنجۆك و كڵاشینكۆف و بڕێك ماددەی هۆشبەردا گیراوە.