خوێندنی باڵا دواكەوتنی دامەزراندنی یەكەمەكانی زانكۆ دەخاتە مەیدانی ئەنجومەنی وەزیران

وەزارەتی خوێندنی باڵا پرسی دواكەوتنی دامەزراندنی یەكەمەكانی زانكۆ و پەیمانگاكان دەخاتە مەیدانی ئەنجومەنی وەزیرانەوە، وتەبێژی وەزارەتەكە دەڵێت، چەند ساڵێكە ناوەكان لە وەزارەتەوە نێردراون بۆ ئەنجومەنی وەزیران و دەسەڵاتی دامەزراندن لای ئەنجومەنەكەیە.

نزیكەی ساڵ و نیوێكە هیچ خوێندکارێکی یەکەمەكانی زانکۆ و پەیمانگاکان دانەمەزرێنراون، لەئێستادا دەرچووانی ساڵی خوێندنی 2016-2017 و ساڵانی دواتر چاوەڕێی دامەزراندنن، چەندین جار گردبوونەوە و ناڕەزاییان ئەنجامداوە.

لە لێدوانێکدا بۆ تۆڕی میدیایی ئێستا، عەباس ئەکرەم وتەبێژی وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستیی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند، “ئێمە ماوەی چەند ساڵێکە ناوی یەکەمە دەرچووەکانی زانکۆ و پەیمانگاکانمان ناردووەتە ئەنجومەنی وەزیران، بەڵام تائێستا نوسراوەکان لەوێن و دەسەڵاتی دامەزراندنیان لە ئەنجومەنی وەزیرانە، نەک وەزارەتی خوێندنی باڵا”.

سەبارەت بەوەی ئەگەر بڕیاری دامەزراندنی یەکەمەکان بدرێت، تەنها دەرچووە یەکەمەکانی ساڵی 2016-2017 دادەمەزرێنرێن، یان ساڵانی دواتریش؟، وتەبێژی وەزارەتی خوێندنی باڵا وتی، ئەگەر بڕیاری دامەزراندنیان بدرێت، پێدەچێت دەرچووانی ساڵی 2016-2017 بن، چونکە یەکەمەکانی پێش ئەو ساڵە دامەزراون.

لەبارەی كاردانەوەی وەزارەتیش بۆ گیانلەدەستدانی ئەو گەنجەی یەكەمەكانی زانكۆ، كە بەنیازی كۆچكردن و گەیشتن بە ئەوروپا، لە توركیا گیانیلەدەستدا، وادەكات وەزارەت جدیتر كار بۆ دەمەزراندنیان بكات؟، عەباس ئەکرەم دووبارەیكردەوە، دامەزراندن دەسەڵاتی وەزارەتی خوێندنی باڵا نییە و ناتوانن لەوبارەیەوە هیچ بکەن، چونکە ئەوە تەنها لەدەسەڵاتی ئەنجومەنی وەزیراندایە.

جگە لە دەرچووانی ئەمساڵ کە بەرەو کۆتایی ساڵی خوێندن دەڕۆن، تائێستا نزیکەی پێنج هەزار خوێندکاری یەکەمی زانکۆ و پەیمانگاکان دانەمەزرێنراون.

بابەتی پەیوەندیدار
زیاتر ببینە

تەندروستی هەڵەبجە: بۆیەکەمجار حکومەتی عێراق وەک پارێزگا مامەڵەی لەگەڵ کردین

بەڕێوەبەرایەتی تەندروستیی هەڵەبجە ڕایگەیاند، بۆیەکەمجار وەزارەتی تەندروستیی عێراق ڕاستەوخۆ لە بەغدادەوە بەشە ڤاکسینی پارێزگای ناردووە. بەڕێوەبەرایەتی تەندروستیی هەڵەبجە…
Total
0
Share