سەرچاوەی كۆرۆنا.. بایدن داوای زانیاری و چین-یش هۆشداری لە بەسیاسیكردنی دەدات

زانایان ئاماژەیان بە بوونی پەیوەندی كرد لەنێوان بازاڕی خواردنە دەریاییەكان لە چین و سەرهەڵدانی ڤایرۆسەكە

سەرۆكی ئەمریكا داوای لە دەستە هەواڵگرییەكانی وڵاتەكەی كرد ڕاپۆرتێك لەبارەی بنەڕەتی ڤایرۆسی كۆرۆنا ئامادەبكەن، لەكاتێكدا دەنگۆی جۆراوجۆر لەبارەی سەرەتای سەرهەڵدانیەوە هەیە، چین-یش هۆشداری دەدات لە بەسیاسیكردنی پرسەكە.

جۆ بایدن، سەرۆكی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا داوای لە دەستە هەواڵگرییەكانی وڵاتەكەی كرد “هەوڵەكانی زیاتر بكات” و لەماوەی 90 ڕۆژدا ڕاپۆرتێكی پێبدەن.

ڤایرۆسی كۆرۆنا بۆ یەكەمجار لە كۆتاییەكانی ساڵی 2019 لە شاری ووهان-ی چین سەریهەڵدا، لەوكاتەشەوە دەركەوتنی ڕاگەیەنراوە ژمارەی توشبووانی گەیشتووەتە زیاتر لە 168 ملیۆن حاڵەت و مردنیش پێی 3.5 ملیۆن كەسی لە جیهاندا تێپەڕاندووە.

دەسەڵاتدارانی چین حاڵەتەكانی یەكەمی توشبوون بە ڤایرۆسەكەیان گەڕانەوە بۆ بازاڕی گیاندارە ئاوییەكان لە ووهان، زانایان پێیانوایە ڤایرۆسەكە لە گیاندارەكانەوە بۆ مرۆڤ گوازراوەتەوە.

بەڵام بەمدواییە میدیاكانی ئەمریكا ئاماژەیان بە ژمارەیەك بەڵگە كرد دەربارەی دزەكردنی ڤایرۆسەكە لە تاقیگەیەكی چینەوە.

بەڵام چین ئیدانەی ئەو هەواڵانەی كرد و ڕایگەیاند، ڤایرۆسەكە پێدەچێت لە تاقیگەیەكی ئەمریكییەوە دزەیكردبێت.

لەو چوارچێوەیەدا ئیدارەی جۆ بایدن دانی بەوەدانا كە دەستە هەواڵگرییەكانی ئەمریكا لەبارەی بنەڕەت و سەرچاوەی ڤایرۆسەكەوە بەسەر دوو بەرەدا دابەشبوون، هەندێك باوەڕیانوایە دەركەوتنی یەكەمجاری لە تاقیگەوە بووە، هەندێكی دیكەش وای دەبینن كە لە گیاندارەوە بۆ مرۆڤ گوازراوەتەوە.

لە بەرامبەردا بەرپرسانی باڵیۆزخانەی چین لە واشنتن هۆشدارییاندا لە “بەسیاسی كردنی” هەوڵەكان بۆ دیاریكردنی سەرچاوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا.

ئایا ڤایرۆسی كۆرۆنا لە تاقیگەوە دزەی كردووە؟
ڕێكخراوی تەندروستیی جیهانی بە هاوبەشی لەگەڵ زانایانی چین ڕاپۆرتێكی نوسراویان دەربارەی سەرچاوەی كۆرۆنا لە مانگی ئازاری ڕابردوو بڵاوكردەوە. ڕاپۆرتەكە ئاماژەی بە دەركەوتنی ڤایرۆسەكە لە تاقیگە نەكردووە، بەڵام ڕێكخراوەكە دانی بەوەداناوە كە پێویست بە توێژینەوە و بەدواداچوونی زیاتر دەكات.

بەڵام پرسیار و گومانەكان بەردەوامبوون. ڕاپۆرتێكی هەواڵگریی ئەمریكا دەڵێت، سێ لە ئەندامانی پەیمانگای ووهان بۆ زانستی ڤایرۆسەكان لە مانگی تشرینی دووەمی 2019 گوازراونەتەوە بۆ نەخۆشخانە، بە چەند هەفتەیەك بەر لە ڕاگەیاندنی یەكەم حاڵەتی توشبوون بە ڤایرۆسی كۆرۆنا لەلایەن چینەوە.

ئەنجومەنی پیرانیش داوای ڕونكردنەوە دەكات
ئەنجومەنی پیرانی ئەمریكا بە كۆی دەنگ ڕەزامەندی لەسەر پرۆژەیاسایەك دا كە داوا لە ئیدارەی جۆ بایدن و بەڕێوەبەری هەواڵگریی نیشتیمانی دەكات نهێنی سەر زانیارییە هەواڵگرییەكانی پەیوەندیدار بە سەرچاوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا هەڵبگرن.

جۆش هاولی، سیناتۆری كۆماری لە وتەیەكدا لە بەردەم ئەنجومەنی پیران بەر لە تێپەڕاندنی پرۆژەیاساكە وتی، “ئەمریكییەكان شایستە ئەوەن بنەڕەتی كۆڤید-19 بزانن، شایەتی ئەوەن بزانن چۆن ئەم پەتا مەترسیدارە جیهان و وڵاتەكەمانی گرتەوە و، پەیوەندی چین چییە پێوەی”.

س: ئاژانسەكان

بابەتی پێشتر

ڕوبەڕوبوونەوە لەنێوان ئاسایش و باندێكی ماددەی هۆشبەر ڕوویدا

بابەتی دواتر

یەكەم كاردانەوەی ئەمریكا لەسەر ڕووداوەكانی دوێنێی بەغداد

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share